٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەیەك بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان دەچێتە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیار وایە لیـژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە ڕەوشی  كەركووك و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا بكات.

جوان یوونس ڕۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە داهاتوویەكی نزیكدا لیژنەكەیان سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ لیژینە پەیوەندیدارەكان كۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی كاراكردنەوەی  ماددەی 140 و  ڕەوشی ئیداریی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیـدارەی هەرێم و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان و بە تایبەتیش دۆخی شاری كەركووك دەكەن.

رۆژبەیانی گوتیشی، بڕیارە لەگەڵ لیژنەی كاتیی ماددەی 140 كۆ ببنەوە، ئەو لیژنەیەی كە لە ساڵی 2011ـدا بە هۆی بارودۆخی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا كارەكانی وەستێـندراوە، بۆ ئەوەی كارای بكەنەوە، كە لەسەر ئەم پرسە و ڕەوشی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، گفتوگۆ و دانوستانی جیددی بۆ چارەكردنی رەوشی ئەو ناوچانە لەگەڵ بەغدا دەكەن.

دەشڵێت، بەغدا ئامادەیی نیشان داوە بۆ چارەكردن و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم.

هــۆزان سـەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار