عەلی رەشید: هەڵبژاردن دەكەوێتە مانگی دوانزدەوە.. یاداشتمان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كردووە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ، یاداشتێكیان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كردووە، بۆ ئەوەی مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران بدرێتەوە. دەشڵێ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەوێتە مانگی دوانزدەوە.
ئەندازیار عەلی ڕەشید، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و مووچە پاشەكەوتكراوەكان و پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە و كشتوكاڵ، هەریەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆك و پارێزگای هەڵەبجە یاداشتێكیان داوەتە وەزارەتی دارایی و لیژنەی چاكسازیی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران و بڕی ئەو قەرزەی لای حكوومەتە لە ڕێگای هەژماری بانكییەوە بدرێت بە مووچەخۆران، هاوكات حكوومەت لە ڕێگەی ئەو هەژمارە تایبەتەوە پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە لە مووچەخۆران وەربگرێتەوە".
عەلی ڕەشید گوتیشی: "وەزارەتی دارایی بێ گوێدانە یاداشت و نووسراوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاو پەرلەمان، هەڵساون بە وەرگرتنەوەی پێشنەكان لە فەرمانبەران و مووچەخۆران، لە كاتێكدا هیچ قەرزێك بۆ فەرمانبەران نەگەڕاتەوەوە، ئێمە جەخت لەسەر پێـشنیاز و بڕیارەكان دەكەینەوە و هاوكار و هاودەنگی مووچەخۆران دەبیـن لە بەدەستهێنانی مافەكانیان".
دەشڵێ: "بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان سێ جار داوامان لە حكوومەت و كۆمسیۆن كردووە وادەی ئەنجوومەن كۆتایی هاتووە و پێویستە هەڵبژادرن ئەنجام بدرێـت، بەڵام كۆمسیۆن ئامادە نییە و حكومەت بوودجەی بۆ ئەم هەڵبژاردنە تەرخان نەكردووە، وەلێ وا پێـدەچێت لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە مانگی دوانزەدا هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمیش ئەنجام بدرێـت".
ناوبراو ڕوونیشی دەكاتەوە: "بە بڕیاری وەزیری شارەوانی، زەوی و خانووی دابەش دوو ڕاگیراوە، بە هۆی ئەوەی لە ڕابردوودا بەشێك لە نووسینگەكانی خانووبەرە بۆ بازرگانیكردن بەم پرسە خانوو و زەوییەكانیان بەكار دەهێنا و هاووڵاتیان لێی سوودمەند نەدەبوون، بەڵام بەپێی ڕێنماییەكانی شارەوانی لە ڕابردوودا لە هەر شوێن و بلۆكێك دابەش دوو كرابێـت، بەپێی پێویستیی هاووڵاتیان كارەكە كراوە، ئێستاش ئەم پرسە لە وەزارەتی شارەوانییە و خوێندنەوە و وردەكاری و ڕێنمایی زیاتری بۆ دەردەكرێت".
هـۆزان سەمەد




