٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی حكوومه‌تی نەمسا پشتیوانیی خۆی بۆ ھەرێمی كوردستان دەربڕی

سەرچاوە: KDP.info

نەمسا-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی نەمسا و جێگری سەرۆكی لاوانی سیاسیی جیھان و ئەورووپا، باسی ڕەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستانیان كرد و سەرۆكی حكوومەتی نەمسا پشتیوانیی خۆی بۆ ھەرێمی كوردستان و لاوانی كوردستان دەربڕی.

فەلاح حەسەن، ئەو گەنجە كوردەی كە جێگری سەرۆكی لاوانی سیاسیی جیھان و یەكێتیی لاوانی ئەورووپایە، بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی سەرۆكایەتیی لاوانی سیاسیی ئەورووپا گەیشتە پایتەختی ڤیەننا، لە سەرەتاشدا بۆ ئێوارەخوانێكی فەرمی لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی ئەو وڵاتە سیباستیان كورز پێشوازی لێ كرا.

فەلاح حەسەن دەڵێت: "دیدارەكەمان زۆر برایانە و دۆستانە بوو بە حوكمی پەیوەندیی پێشوومان لەگەڵ یەكتر، كاتێك كە سیباستیان سەرۆكی لاوانی نەمسا بوو، ئێمە ئەوكات یەكترمان ناسیوە".

جێگری سەرۆكی لاوانی سیاسیی جیھان و ئەورووپا ھەروەھا گوتیشی: "باسی ڕەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستانم بۆ كرد، بە تایبەتی دوای سەركەوتنی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بەسەر تیرۆریستانی داعشدا، ئەو ھەمیشە ھەروەكو پێشوو پشتیوانیی خۆی بۆ ھەرێمی كوردستان و لاوانی كوردستان دەربڕی".

شایەنی باسە، ساڵێك لەمەوبەر و لەسەر داوای سیباستیان، سەركردایەتیی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بانگھێشتی نەمسا كران و سەردانی ئەو وڵاتەیان كرد، كە ئەمەش بە یەكەمین سەردانی فەرمی و مێژوویی لاوانی سیاسیی كورد ھەژمار كرا، كە لەسەر ئاستێكی ئاوا بەرز بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار