٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەدار بارزانی: پارەی زیانمەندانی دەستی تیرۆر ئامادە كراوە.. رێكارەكان تەواوبن دابەش ده‌كرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی شەھیدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، لیژنەی قەرەبووكردنەوەی زیانمەندانی دەستی تیرۆر پێك ھاتووە و دەستیان بە كاریش كردووە، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو كەسانە قەرەبوو بكرێنەوە كە لەسەر دەستی تیرۆر زیانیان بەركەوتووە و قەرەبووكردنەوەكە ھەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

ھەدار بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھەوڵەكان بۆ ھاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوانی ھەرێمی كوردستان بەردەوامن و لە ئێستادا بەغدا داوای ژمارەی وردتری كەسوكاری شەھیدانی لە ھەرێمی كوردستان كردووە و ھەرێمی كوردستانیش سەرقاڵی ناردنی ناوەكانە".

ھەدار گوتیشی: "بڕیارە كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجام بدرێت، كە منیش ئەندامم لەو لیژنەیەدا بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە ھاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەھیدان، چونكە ناكرێت لەمە زیاتر دوا بخرێت و پێویستە جێبەجێ بكرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی شەھیدان باسی لەوەش كرد، لیژنەیەك دروست كراوە بە سەرۆكایەتیی دادوەرێك و دەستبەكار بووە بۆ ئەوەی دەست بە قەرەبووكردنەوەی زیانمەدانی دەستی تیرۆر بكرێت و قەرەبووكردنەوەكە ھەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

دەشڵێ: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چاوەڕێی ئەو لیژنەیە دەكات كە داوایان لێ بكات ناوەكانیان رادەست بكات بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی زیانیان بەركەوتووە لە شەڕی تیرۆردا، قەرەبوو بكرێنەوە، چونكە لە یاسای بودجەدا پارەیان بۆ دیاری كراوە و پارەكەش ئامادە كراوە و تەنیا ماوە رێكارەكان تەواو بكرێن و دەست بە دابەشكردنی بكرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار