سیوەیلی: لە ڕێگەی سێكوچكەكهی حوكمڕانییهوه ھەوڵی پێكھێنانی حكوومەتێكی بەھێز دەدهین

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی گوتی، مێژوو سەلماندوویەتی عێراق بە بێ ھەرێمی كوردستان سەقامگیر نابێت و پارتی دیموكراتی كوردستانیش رۆڵێكی سەرەكیی لە سەقامگیریی كوردستاندا ھەیە.
ھۆشیار سیوەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی لە ڕۆژھەڵاتی ناڤیندا ڕوو دەدات، كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووری و سەقامگیریی دنیا ھەیە، عێراقیش بەشێكی گرنگی ڕۆژھەڵاتی ناڤینە و ڕۆڵی گرنگ لەو بوارنەدا دەبینێت، بۆیە ھەروەك مێژووی سەد ساڵەی عێراقی دروستكراو دەریدەخات، ئەم عێراقە بە بێ سەقامگیریی لە كوردستاندا، سەقامگیریی بە خۆیەوە نابینێت".
سیوەیلی گوتیشی: "لە نزیكەی نیوەی ئەو سەد ساڵەدا پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕاستەخۆ یان ناڕاستەخۆ، ڕۆڵی ھەرە سەرەكیی بینیوە لە سەقامگیری و بەڕێوەبردنی كایەی سیاسی و ئیداریی ئەم بەشەی كوردستاندا و ئەم پارتەش لە لایەن بارزانییەوە سەركردایەتی كراوە و دەكرێت، بۆیە ئەگەر پێوەری ھێزی نەرمی حیزبێك ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان بێت، ئەوا پارتی لە دوو ھەڵبژاردندا پیشانی دا كە خاوەن ئەو ھێزەیە و ئەگەر ھێزی زبریش پێوەر بێت، ئەوا جگە لە مێژووی ئەیلوول و گوڵان، داستانەكانی پردێ و سحێلا شاھیدن و پێویستە زۆردەربارەی ئەم دوو شەڕە چارەنووسسازە بنووسرێت".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، بایەخدانی نێودەوڵەتی بە ڕۆڵی سەۆك بارزانی وەك درێژەپێدەری ڕێبازی بارزانی و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لێرەوە دەردەكەوێت كە پارتی گرنگە بۆ كوردستان و كوردستانیش گرنگە بۆ عێراق و عێراقیش گرنگە بۆ ڕۆژھەڵاتی ناڤین و ڕۆژھەڵاتی ناڤینیش گرنگە بۆ جیھان.
ئەوەشی خستە ڕوو، زۆر لایەن گرەویان لەسەر كاڵبوونەوەی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی دەكرد دوای شازدەی ئۆكتۆبەر و بەجێھێشتنی پێگەی سەرۆكایەتیی ھەرێم، بەڵام گرنگیپێدانی لایەنە عێراقییەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمەریكا، جارێكی تر ئەوەی دەرخست كە ناشێ و ناكرێت ڕۆڵی سەرۆك نادیدە بگرن و دوایین بەشداریی سەرۆك بارزانی لە كۆڕبەندی بووریی دەریای مردوو، نموونەیەكی زیندووە.
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند، پارتی ھەوڵی پێكھێنانی حكوومەتێكی بەھێز دەدات لە ڕێگەی بەھێزكردنی سێكوچكە دەزگاییەكەی حوكمڕانیی ھەرێمەوە، كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی ھەرێم و سەرۆكایەتیی حكوومەتن، ئەمەش بە بەشداریی سێكوچكە حیزبییەكەی كوردستان كە پارتی و یەكێتی و گۆڕانن.
بڵند ئیبراھیم




