سیدهكان.. ھاووڵاتیان بۆ گیا بههاریهكان روو لە ناوچە شاخاوییەكان دەكەن

سیدەكان-KDP.info- ساڵانە لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھاردا چەندین جۆر گژوگیای خۆڕسك گەشە دەكەن، هەندێ لە هاووڵاتیانیش دەچنە سەر چیاكان بە مەبەستی كۆكردنەوەیان، چ بۆ خواردن، چ بۆ فرۆشتنەوەیان، پزیشكێكیش ئاماژە بە جۆرەها سوودی گژوگیا بەهارییەكان دەكات.
ھاووڵاتیانی دەڤەری برادۆستی شارۆچكەی سیدەكان، بە مەبەستی كردنی گژوگیای بەھاری روو لە ناوچە شاخاوییەكانی ناوچەكە دەكەن، وەك كنگر و رێواس و ھەندرێشە، هەروەها لووش و سڵێرك و كوارگ، دواتریش لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان دەیفرۆشن.

ھاووڵاتییەكی ناوچەكە ئاماژەی بەوە دەدا، كە ماوەی چەندین ساڵە گژوگیای بەهارە كۆ دەكەنەوە، كاتێ بۆ سەر چیاكانیش سەردەكەون، ھەستێكی خۆشیان لا دروست دەبێت، بەو پێیەی تێكەڵبوون لەگەڵ سرووشت چێژێكی تایبەتیان پێ دەبەخشێت.
شێروان سدیق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لە سرووشتی دەڤەرەكەی خۆیان كرد، كە دەوڵەمەندە بە گژوگیا بەھارییەكان، هەر بۆیەشە ساڵانە لەم وەرزەدا ڕوو لە چیاكان دەكەن، ئەوەیشی گوت، كە رۆژانە سەدان ھاووڵاتیی سنوورەكەیان سەردانی كوێستانەكانی شارەدێی سیدەكان دەكەن.
ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش كرد، كاتێ دەچنە نسەر چیاكانی ناوچەكە، تا درەنگانی ئێوارە بە شوێن ئەو گژوگیایانەدا دەگەڕێن و كۆیان دەكەنەوە، كە دەخورێن، نموونەیشی بەوە هێنایەوە، كە ٣٠ تا٥٠ كیلۆ رێواس كۆ دەكەنەوە، دواتریش ھەر كیلۆیەكی بەپێی بازاڕی رۆژانە دەفرۆشن.

كاتێ گوزەر بەنێو گوند و ئاواییەكان و سەنتەری شارۆچكەی سیدەكاندا دەكەیت، دەبینی بەیانیی زوو گەنجان و لاوان و ئافرەتان شانبەشانی یەكدی روو لە چیاكانی ناوچەكە دەكەن، ئەویش بە مەبەستی كردنی گژوگیا بەھارییەكان و تا درەنگانی ئێوارە لە چیاكان دەمێننەوە، دواتر بەشێكیان بۆ خۆیان وەك خواردن سوودی لێ دەبینن، بەشێكیشیان لە نزیك سەنتەری شارۆچكەكە دەیفرۆشن، كە ئەوەش دەبێتە داهاتێك بۆیان.
رۆژانە موشتەرییەكان دەچنە لای ھاووڵاتیان بەرھەمی خۆڕسك دەكڕن و ئەوانیش بۆ بازاڕەكانی ھەولێر و سلێمانی و ئاكرێ و سۆران و سپیلك دەیگوازنەوە، بازاڕەكانیش جمەیان دێت لە بووژانەوەی بەرھەمی خۆڕسكی گژوگیای بەھاری.
سەبارەت بە سوودە تەندروستییەكانی گژوگیا بەهارییەكان، بارزان كەریم، یاریدەری پزیشكی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، كە خواردنی گژوگیا بەھارییەكان، ھەر جۆرێكیان سوود و تایبەتمەندیی خۆی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، تیشكیشی خستە سەر ئەوەی، كە جگە لە دابینكردنی ژەمە خواردنێكی پڕاوپڕ لە چێژ، بە دەیان لێكۆڵینەوەی تەندروستییش باس لە سوودە گرینگەكانی ئەو جۆرە ڕووەكانە دەكەن، كە پێكهاتوون لە ڤیتامینەكانی A,B,C,D,E,K.
گرینگترین ئەو ڕووەكە خۆڕسكانەش، كە خواستی زۆری هاووڵاتیانی لەو سنوورە لەسەرە، بریتیین لە ڕێواس، كنگر، كوارگ، سلێرك، كاردی.

بارزان، روونیشی دەكاتەوە، كە پێكهاتەیەكی باشی سلیلۆز و ئاو و كانزاكان و خوێیەكانیان تێدایە، هەروەها هەریەكە لە كالیسیۆم، سۆدیۆم، پۆتاسیۆم، كالۆری، وزە، گۆگرد، مەنگەنیز، فۆسفۆڕ، هۆڕمۆنی گیایی، ڕیشاڵی، لەو جۆرە ڕووەكانەدا هەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد، كە ھەر ڕووەكێكی خۆڕسك، سوود و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، بەسوودن بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و شەكرە و كۆلیسترۆڵی خوێن و بەرزیی پەستانی خوێن، هەروەها بۆ چارەسەری كەمبینین، یان گرفتەكانی چاو، هاوكات جگەر و گەدە و ڕیخۆڵە، لە هامان كاتیشدا لەناوبردنی كرمی گەدە و ڕیخۆڵە و چارەسەریشن بۆ هەڵوەرینی قژ و مووی سەریش بەهێز دەكەن.
ئەو هەروەها ئاماژەی بە سوودەكانی دیكەی گیا بەهارییەكان بۆ تەندروستیی مرۆڤ كرد، وەك بەهێزكردنی پێستی ڕوخسار لە بەرانبەر لۆچی و زیپكە و پیری و گرفتەكانی دیكەی پێست، كە چەندین سوود و گرینگی و تایبەتمەندیی خۆیان ھەیە.
زێڕین حەسەن كە دانیشتووی گوندی لێتانە لە دەڤەرەكە دەڵێ، تەمەنی ٤٥ ساڵە و ھەر لە منداڵییەوە لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھار، ڕوو لە چیاكان دەكات، بە مەبەستی كۆكردنەوەی گژوگیا بەھارییەكان، پێیشی وایە. ئەگەر رۆژێ نەڕۆشتبێت بۆ رێواس و كنگر، وادەزانێ شتێكی لێ بزر بووە، چونكە لای ئەو وەك ئافرەت چێژێكی یەكجار تایبەتی هەیە، كاتێ دەچنە سەر چیاكان و گژوگیا كۆ دەكەنەوە و ئێوارە بە دەستی پڕ دەگەڕێنەوە، پێی دڵخۆش دەبن.

زێڕین وەك خۆی گوتی، كنگری زیاتر پێ خۆشە، هۆكارەكەیشی بۆ بوونی تام و چێژی تایبەتی ئەو گیایە دەگێڕێتەوە.
گەنجێكی دیكە، بە ناوی ئۆغز كەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، ھەموو رۆژێ دەچنە سەر چیاكان و گژوگیا كۆ دەكەنەوە، جیا لە رۆژانی پێنجشەممە، چونكە لەو رۆژەدا گومرگ نییە، سەرەڕای ئەوەی كارەكەیانی بە زەحمەت ناو برد، بەڵام لەگەڵ فرۆشتنەوەی بەرهەمەكانیان وەك خۆی ئاماژەی پێ دا، ھەموو ماندووبوونێكیان بیر دەچێتەوە.
ئەوان لە كاتی سەركەوتنیان بەسەر چیاكاندا، بێ مەترسی نین، وەك ئۆغز روونی كردەوە، تووشی مەترسیی زۆر دەبنەوە، بەوپێیەی ھێنانی گژوگیای بەھاری، ھێندە ئاسان نییە و زۆر جار ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، چونكە گژوگیاكان زیاتر لە قەدپاڵی شاخەكان دەڕوێن، هەندێ جاریش تووشی هەڵدێران دەبن.
ھەموو ساڵێ لە ناوەڕاستی مانگی 3 تا ناوەڕاستی مانگی 5، گژوگیای بەھاری دەڕوێت، خەڵكیش سەرقاڵی كۆكردنەوەیان دەبن، بەشێكیان بۆ خواردن و بەشێكیشیان بۆ خەرجیی ماڵ و منداڵەكانیان دەستەبەری دەكەن.
سیروان سابیر
پێداچوونەوەی_ خێڵان بەختیار




