٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە بەرپرسی نووسینگەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان کرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ، یەكشەممە ١٤ى نیسانی ٢٠١٩، د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نووسینگەی تایبەتیی خۆی لە تەلارى پەرلەمان، پێشوازیی لە نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نووسینگەی كەندا لە هەرێمی كوردستان كرد.

 

لە دیدارەكەدا نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نووسینگەی كەندا لە هەرێمی كوردستان، وێڕای پێرۆزباییكردن لە سەرۆكی پەرلەمان بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەىدا، خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بە بوونى ئافرەتێك لە هەرێمی كوردستان بە سەرۆكی پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی یاسایی و گرینگ لە هەرێمی كوردستان و عێراق. هێواشی خواست دەرفەتی زیاتر بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداربوونی ئافرەت لە هەرێمی كوردستان فەراهەم بكرێت.

 

د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نووسینگەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان پوختەیەك لە ڕێكارە یاساییەكانی نێو پەرلەمانی كوردستانی بۆ ئەم قوناغەی ئیستا شی كردەوە و ڕایگەیاند: "پەرلەمانی كوردستان دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی ڕێكارە یاساییەكان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی و یەكێك لە كارە لەپێشینەكانی پەرلەمانی كوردستان پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لەبەر ئەوەی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کراوە و خەڵكی كوردستان چاوەڕێی پێكهینانی حكوومەتن و بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوە یاساییەكانمان دەست پێ كردووە، بە  كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و دوای دەرچوواندنی یاساكەش سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژاردنی بۆ دەكرێت و بەمەش هەنگاوە خێراكانی پێكهێنانی حكوومەت دەست پێ دەكات و ئێستا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە.

 

لە وەڵامی پرسیاری بەرپرسی نووسینگەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستاندا سەبارەت بە دواخستنی دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕاێگەیاند: "دواخستنەكە لەسەر داوای لیژنەی یاساییی پەرلەمان بوو، لای ئێمەش لە سەرۆكاتیی پەرەلەمان سەقامگیریی ولاتمان و ئاشتیی كۆمەڵایەتی گرینگە و دەرفەتمان داوە بە لایەنەكان بۆ ڕێكکەوتن، پەرلەمان دەیەوێت بەشێك بێت لە چارەسەر نەك كێشە بۆ نزیكبوونەوەی لایەنەكان."

 

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بە چاكسازییەكی گشتگیر بۆ هەرێمی كوردستان كردووە و ڕایگەیاند: "دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست دەكەین بە چاكسازیی گشتگیر لە ڕووی دارایی و كارگێڕییەوە و بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕێی ئەو پڕۆژانە دەكەین كە حكوومەت ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانیان دەكات."

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەختی لە هەبوونی دەستووری هەرێمی كوردستان كردەوە و گوتی: "ئیستا نزیكەی ٧٠ ماددەی دەستووری هەرێمی كوردستان نووسراوەتەوە كە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا ئامادە كراوە و تێیدا ماف و ئازادییەكان و یەكسانیی جێندەری چەسپاوە. پەرلەمانی كوردستانیش بە بایەخەوە چەندین یاسای دەركردووە و لە بەرنامەشیدایە چەند یاسایەكی تایبەت بە پرسی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستاندا هەموار بكاتەوە."

هەر لە دانیشتنەكەدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كرد و داوای كرد حكوومەتی عێراق تەواوی دەستووری عێراق جێبەجێ بكات بە تەواوی ماددە و بڕگەكانییەوە، لە ناویشیاندا ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق كە تایبەتە بە ناوچە جێناكۆكەكان."

لە كۆتاییی دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كورتەیەك لە چاكسازییەكانی نیو پەرلەمانی كوردستانی شی كردەوە و ڕایگەیاند: "کاری هەرە لەپێشمان وەک دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دوای دەست بەكاربوونمان چاكسازیی كارگێری و دارایی بوو. داواشمان لە دیوانی چاودێریی دارایی كردووە بە وردی بەدواداچوون بكەن و ڕاپۆرتی خۆیان بۆ ڕای گشتی ڕوون بكەنەوە و پەرلەمانیش ئامادەییی تەواوی هەیە کە لەسەر ماڵپەڕی فەرمی بلاوی بكاتەوە."

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كەنەدا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كەنەدا بەرەوپێش بچێت، بەتایبەتی لە ڕووی دیپلۆماسیی كاری پەرلەمانیی نێوان هەردوو پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی كەنەداوە بۆ ئەوەی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان سوود لە ئەزموونی كارەكانی پەرلەمانی كەنەدا وەربگرن."

نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نووسینگەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بەم هەنگاوە یاسایی و چاكسازییانەی نێو پەرلەمانی كوردستان دەربڕی و ڕایشیگەیاند: "دڵخۆشین بە هانگاوەكانتان لە چوارچێوەی كاری پەرلەمانی و نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش هاوكار و پشتیوان دەبین و پەرە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین و ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكین بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی كەنەدا."

 

هەواڵی پەیوەندیدار