شارەزایان: بەغدا كەمتەرخەم بووە لە بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان

گەرمیان-KDP.info- ئەمڕۆ 14-4-2019، 31 ساڵ بەسەر ئەنفالی گەرمیانییەكاندا تێدەپەڕێت، كە (182) هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە لایەن ڕژێمی دڕندەی سەددام حوسێنەوە ڕاگوێزران بۆ پارێزگاكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق و زیندەبەچاڵ كران، شارەزایان و چالاكوانانیش دەڵێن، بەغدا كەمتەرخەم بووە لە بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان.
زەمان عابدە، شارەزای جینۆساید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی ئەو لێكۆڵینەوە مەیدانیانەی لەسەر تاوانی ئەنفال ئەنجام دراون، دادگای تاوانەكانی عێراق پاش 61 دانیشتن بڕیاری دا بە ناساندنی ئەنفالی گەلی كورد بە هەریەكە لە تاوانە نێودەوڵەتییەكان و تاوانی جەنگ و جینۆساید، هەروەها حكوومەتی عێراقی ڕاسپارد بە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان و قوربانیان و دۆزینەوەو ناساندنەوە و گەڕاندنەوەی ڕووفاتی شەهیدان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام حكوومەتی عێراق هیچ كام لەو بڕیارانەی جێبەجێ نەكردووە".
لەبارەی ئەوەی بۆچی حكوومەتی عێراق ئامادە نییە قەرەبووی كەسوكاری شەهیدان بكاتەوە و تاوانی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەجینۆساید بناسێنێت، عەبدە گوتی: "فیكری جینۆسایدی گەلی كورد، لە فیكری عەرەبی شۆڤێنیدا چەكەرەی كردووە، هەمیشە كە دەیانەوێت ڕووبەڕووی گەلی كورد ببنەوە، بیر لە جینۆساید دەكەنەوە، وڵاتی ئەڵمانیا كە جینۆسایدی جوولەكەكانی كرد، حكوومەتی پاش نازییەكان هاتە سەر حوكم و كاری كرد بۆ قەرەبووكردنەوەی تەواوی جوولەكەكان، بەڵام دوژمنەكانی ئێمە سەرسەختن و نازانن مامەڵە لەگەڵ قوربانییەكاندا بكەن، چونكە دەبوو پەرلەمانی عێراق یاسایەكی دەربكردایە كە جینۆسایدی دژی گەلی كورد قەدەغە بكردایە و سەركردەكانی ئێستاش لە تەلەڤزیۆنەوە داوای لێبووردنیان بكردایە".
لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، حكوومەتی هەرێمی هەوڵی داوە گۆڕە بەكۆمەڵەكان بدۆزرێنەوە و هەڵدرێنەوە، هەروەها ڕووفاتی شەهیدان بۆ كوردستان بگەڕێندرێنەوە، كە تا ئێستا بەپێی ئاماری وەزارەتی شەهیدان، 81 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، كە 47 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە و (2553) تەرمی ئەنفالكراون دۆزراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ كوردستان.
مەعرووف مەجید، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی، لای خۆیەوە گوتی: "بە داخەوە تاوەكو ئێستا زیانلێكەوتووانی ئەو مەرگەساتە قەرەبوو نەكراونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان وەزارەتی شەهیدان هەیە و لە بەغداش كورد دوو ئەندامی لە لیژنەی ناساندنی جینۆساید و تاوانەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق هەبووە، كە بەردەوام كاریان لەسەر ناساندنی ئەنفال كردووە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بەڵام حكوومەتی عێراق ئامادە نییە هیچ هاوكارییەك بكات".
مەجید دەڵێ: "لە پاش ساڵی 2003 كورد بوونی هەبووە لە پۆستە باڵاكان لە حكوومەتی عێراقدا، بەڵام نەیانتوانیوە وەك پێویست ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی سەددام حوسێن دەرهەق بە گەلەكەمان و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان".
بەپێی یاسا، دەبێ مووچە و ئیمتیازات لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ كەسوكاری شەهیدان دابین بكرێت، ئەو چالاكوانەی گەرمیان گوتیشی: "دەبوو لانی كەم حكوومەتی عێراق مووچەی تەواوی بۆ كەسوكاری ئەنفالكراون دابین بكردایە لەگەڵ مووچە بۆ زیندانیانی سیاسی وەك قوربانیانی دەستی ڕژێمی پێشوو هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق".
لە ناوخۆی كوردستان و دەرەوەی وڵات، لە لایەن نووسەرانی كوردەوە چەندین كتێب لەسەر تاوانی ئەنفالی گەرمیان و بارزانییەكان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە نووسراون.
ئیسماعیل هەنارەیی، نووسەری شەش كتێب لەسەر جینۆسایدی ئەنفال، لای خۆیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنفال بە جینۆساید ناسێندراوە، بەڵام حكوومەتی عێراق بڕیار و ڕاسپاردەكان جێبەجێ ناكات و كاریش نەكراوە ئەنفال لەسەر ئاستی جیهاندا بە جینۆساید بناسرێت، كە حكوومەتی عێراق ئامادە نییە لە دادگای لاهایی ببێتە ئەندام".
هەنارەیی پێی وایە، پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لەسەر ئاستی باڵای جیهانی كار بكات بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال و فلیم و كتێب بەرهەم بهێندرێت و وەرگێڕدرێنە سەر زمانە جیهانییەكان، تاوەكو جیهان زیاتر ئاشنای دڕندەیی ڕژێمی بەعس بن، كە چەندین گەل و نەتەوە هەیە لە دنیادا زۆر كەمتر لە كورد تاوانیان بەرامبەر كراوە، بەڵام توانیویانە بەجینۆسایدی بناسێنن و لەو ڕێگەیەشەوە سەربەخۆیی بەدەست بێنن و دەوڵەت دابمەزرێنن.
ناوبراو دەڵێ: "هەمیشە لە عێراق عەرەبی سوننە و شیعە لە دەسەڵاتن و كورد بە پلە دوو سەیر دەكەن و ددان بە مافی گەلی كورددا نانێن، ئەو هەوڵانەی لە كوردستانیش هەن بۆ ئەوەی تاوانی ئەنفال بە جیهان ئاشنا بكرێت، هەوڵی تاكەكەسین و نەتواندراوە دەستەجەمعی كار لەسەر ئەنفال بكرێت".
پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالی گەلی كورد لە 23ی شوباتەوە تا 6ی ئەیلوولی ساڵی 1988ی خایاند، لەو ماوەیەدا زیاتر لە (200) هەزار مرۆڤی سڤیل لەناو بران و (4000) گوند و (4) قەزا و (30) ناحیە و (3100) مزگەوت و (100) كڵێسا خاپوور كران و سووتێندران، هەروەها (2)ملیۆن سەر مەڕوماڵاتی كورد بەتاڵان بران، لەگەڵ لەناوبردنی ڕووبەرێكی فراوانی ڕەز و باخ و كوێركردنەوەی چەم و كانیاوەكان، كە زیانی گەورەی بە ژینگەی كوردستان گەیاندووە.
هێڤیار هەڵەبجەیی




