دۆڵەمەری: شارەوانیی پاریس كار دەكات بۆ ئەوەی هەولێر و پاریس ببنە دەستەخوشك

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا دەڵێت، شارەوانیی پاریس كار دەكات بۆ ئەوەی هەولێر و پاریس ببنە دەستەخوشك، لەدوای پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، حكوومەتی فەڕەنسا لە تەواوی بوارەكاندا پڕۆژەی تری بۆ هەرێم هەیە.
د. عەلی دۆڵەمەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا شاندێكی شارەوانیی فەڕەنسا كە سەرۆكی شارەوانیی پاریس سەرۆكایەتی دەكات، لە هەرێمی كوردستانن، ئەمەش بۆ جاری دووەمە ئەو سەردانە ئەنجام بدات دوای ئەوەی لە ساڵی 2015ـیش سەردانێكی ئەنجام دا، یەكێك لە پڕۆگرامە نێودەوڵەتییەكانی شارەوانیی پاریس ئەوەیە، كە هاوكاریی شارێكی تر بكات لە جیهاندا، ئەوە بوو بە كۆی دەنگ ئەنجوومەنی شارەوانیی پاریس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاری هەولێریان هەڵبژارد، ئەمەش بایەخێكی زۆری هەیە، كە دەستنیشانكردنی هەولێریش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش رۆڵێكی زۆر مەزنی بینی و ئەوانیش رۆڵی پێشمەرگە و گەلی كورد بەرز دەنرخێنن، هەروەها هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاوارەیەكی زۆر كردووە."

دۆڵەمەڕی ڕاشیگەیاند: "لەبەر ئەم هۆكارانە بڕیاریان داوە یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن، بە تایبەتی لە بواری فێركردن و خوێندن و قوتابخانەوە، لەلایەكی ترەوە دەیانەوێت هەندێك پڕۆژەی تر لە هەولێر جێبەجێ بكەن وەكوو ریسایكلینی زبڵ و خاشاك، دابینكردنی هۆیەكانی گواستنەوە، ئاوی خواردنەوە و چەند پرۆژەیەكی تر، بۆیە لە داهاتوودا چەند لیژنەیەك لە نێوان شارەوانیی پاریس و هەولێر دروست دەكرێن، بۆ ئەوەی بزانن پارێزگای هەولێر پێویستی بە چ پڕۆژەیەك هەیە تا شارەوانیی پاریس بتوانێت لەو بوارانەی دەرفەت و شارەزاییان هەیە، یارمەتیدەر بن، هەروەها پڕۆژەیەك لەبەر دەستی شارەوانیی پاریسە بۆ ئەوەی ئەو هاوكارییانە بەردەوام بن و لە دوای گۆڕینی سەرۆكی شارەوانییش پەیوەندییەكە نەپچڕێت، بۆیە كار بۆ ئەوە دەكرێًت هەولێر و پاریس ببنە دەستەخوشك، ئەگەر ئەو كارەش بكرێت، پەیوەندییەكان بەردەوام دەبن بۆ هەتاهەتایە و ئەمەش لە هەموو ڕووەكانەوە زۆر گرنگە."
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، لەبارەی پڕۆژەی داهاتووی حكوومەتی فەڕەنساوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "حكوومەتی فەڕەنسا لە تەواوی بوارەكان و بە تایبەتیش سیاسی و سەربازیدا یارمەتیی هەرێمی كوردستان دەدات و بەردەوامە، لە بواری كولتووری و ئەكادیمی و زانستییش سەرقاڵن چەند پڕۆژەیەك ئەنجام بدەن، بەڵام چاوەڕوانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی فەرمی دەست بە گفتوگۆكان بكەن و دواتر پڕۆژە هەمەجۆرەكان رادەگەیەندرێن".
نەشوان بەرزنجی




