ههولێر.. رێگاكان چاك دەكرێنەوە، ٢٠ پرد و ٥٥ رێگا تێك چوون

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری چاككردنەوەی رێگاوبانی ھەولێر گوتی، لە سنووری ھەولێر ٢٠ پرد و ٥٥ رێگا ھەن، كە پێویستیان بە چاككردنەوە ھەیە و دەشڵێ: "دەستمان بە چاككردنەوەی ئەو رێگا و پردانە كردووە و چاوەڕێ دەكەین حكوومەت پارە خەرج بكات بۆ ئەوەی بە زوویی تەواو بكرێن".
دڵشاد عیمادەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ھەفتەیەكە پڕۆسەی چاككردنەوەی رێگاوبانەكانی ھەولێر و دەوروبەری دەستی پێكردووە و تاوەكو ئێستا چەندین رێگایان چاك كردووەتەوە، وەك رێگای سماقوڵی و مێرگەسۆر و شەقڵاوە، جگە لەوەش چەند شوێنێك رێگاكانیان داڕمابوون، كە ئەوانیش چاك كراونەتەوە و بەردەوامیش دەبن تاوەكو سەرجەم رێگاكان چاك دەكرێنەوە.
عیمادەدین گوتیشی: "ئەوەی جێبەجێ دەكرێت، ١٥پڕۆژەی خێرای رێگاوبانە و حكوومەتیش بەڵێنی داوە پارەمان بۆ خەرج بكات و ھیوادارین پارەكە بە زوویی خەرج بكرێت، بۆ ئەوەی سەرجەم پڕۆژەكان تەواو بكرێن".
ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد: "بە ھۆی لافاوەوە ٢٠ پرد و ٥٥ رێگا تێك چوون و پێویستیان بە چاككردنەوە ھەیە، بۆیە ئومێدەوارین هەرچی زووترە پارەمان بۆ خەرج بكرێت و ھەموویان چاك بكەینەوە".
بڵند ئیبراھیم




