٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە شاندێكی پەیمانگەی كەنەدی بۆ حوكمڕانی کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی نیسانی ٢٠١٩، د. ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی كرد لە شاندێكی پەیمانگەی كەنەدی بۆ حوكمڕانی، كە پێك هاتبوو لە مادلین میور، یاریدەدەرى باڵای پەیمانگەكە و شاندی یاوەری.

لە دیدارێكدا مادلین میور، یاریدەدەرى باڵای پەیمانگەی كەنەدی بۆ حوكمڕانی، پیرۆزباییی لە سەرۆكی پەرلەمان كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە بوونی ئافرەتێك لەو پۆستە باڵایەی هەرێمی كوردستاندا، كە یەكەم جارە لە مێژووی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا دەبینرێت و هیوای خواست لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق دەرفەت و ڕۆڵی زیاتر بۆ ئافرەتان فەراهەم بكرێت.

د. ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان بۆ پەرلەمانی كوردستان، ستایشی هەوڵ و كارەكانی ڕێكخراوی كەنەدی بۆ حوكمڕانیی ئافرەتی سەركردەی كرد كە بەردەوام كۆڕ و سیمینار و خول بۆ پێگەیاندنی ئافرەتی سەركردە لە هەرێمی كوردستان ساز دەكەن و هیوای خواست بەردەوام بن لەم كارانە بۆ ئەوەی ئافرەتانی كوردستان بە بڕوابەخۆبوونێکی زۆرەوە ڕۆڵی زیاترى خۆیان ببینن و بەشدارییەكی كارایان لەنێو كایەكانی حوكمڕانیدا هەبێت بۆ ئەوەی ڕوویەكی گەش و جوان پێشكەشی ناوەوە و دەرەوەی وڵات بكەن.

لە بەشێكی دیكەى دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمان پوختەیەكى لە ڕێكارە یاساییەكانی پەرلەمانی كوردستان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ شاندی میوان باس كرد و ڕایگەیاند: "پەرلەمانی كوردستان هەنگاوە یاساییەكانی خۆی بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەست پێ كردووە بۆ ئەنجامدانی ڕێكارە یاساییەكانی كاراكردنەوەی دامەزراوەى سەرۆكایەتیی هەرێمى كوردستان و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەنگ لەسەر پرۆژە پێشنیازكراوەكە دەدات".

لەوەڵامی پرسیارێكی شاندی میوانیشدا سەبارەت بەدەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان كوردستان، د. ڤالا، گوتی: "بەگوێرەی یاسا بنەڕەتییەكانی هەرێمی كوردستان و بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ئەو دەسەڵاتانەى كە پێمان دراوە بەكاری دەهێنین و هیچ كەسێكیش دەسەڵاتی ڕەهای نییە، ئەمەش نیشانەی دیموكراسی و پێشكەوتنی وڵاتەكەمانە".

شایانی باسە پەیمانگەی كەنەدی بۆ حوكمڕانی، كار لەسەر حوكمڕانیی لامەركەزى و فیدڕاڵیی ئابوورى لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار