بەغدا کاری ٤٠٠ ڕێکخراوی مەدەنیی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکان قەدەغە کردووە
__2019_04_11_h15m34s48__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە حکوومییەکانی ھەرێمی کوردستان گوتی، تاوەکو ئێستا بە بڕیاری حکوومەتی عێراق کارکردنی ڕێکخراوە کوردەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان قەدەغەیە کە ٤٠٠ ڕێکخراو دەبن. ئەمەش پێشێلکردنی یاسایە، چونکە ئەو ڕێکخراوانە خزمەتی خەڵک و ئاوارەکان دەکەن و پەیوەندییان بە ھیچەوە نییە، بەڵام بەغدا لێی قەدەغە کردوون و ئێمەش لە ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو پرسەداین."
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە حکوومییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەکرەم جەمۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەغدا لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر تاوەکو ئێستا ڕێگە نادات ڕێکخراوە کوردەکان لە ناوچە کوردستانییەکان کار بکەن بە بیانووی ئەوەی مۆڵەتیان لە بەغدا نییە، لە کاتێکدا ھێشتا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە، کە نزیکەی ٤٠٠ ڕێکخراو بوون و خزمەتی خەڵکی ئەو ناوچانەیان دەکرد، بەتایبەت خزمەتی ئاوارەکان."
ئەکرەم جەمۆ گوتیشی: "ئێمە پەیوەندیمان بە بەغداشەوە کردووە و زۆر ھەوڵمان داوە، چونکە ئەو ڕێگریکردنەی ئەوان نەیاساییە و خزمەت بە خەڵکی ئەو ناوچانە ناکات."
جەمۆ باسی لەوەش کرد: "قەدەفەکردنی کاری ڕێکخراوەیی لەو ناوچانە بەتایبەت لە سنووری کەرکووک ھەیە و پارێزگاری کەرکووک بە ئیمزای خۆی کاری کۆمەڵێک ڕێکخراوی قەدەقە کردووە و ڕێگە نادات کار بکەن، کە ئەمە بە ھیچ شێوەیەک یاسایی نییە و پێویستە ئەو پرسە چارەسەر بکرێت."
بڵند ئیبراھیم




