٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار دەكەوێتە كار

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە چەند رۆژی دابێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار بكەوێتە كار و كێشەی ئاو لە ھەندێ ناوچەی ھەولێر چارەسەر دەكات، بەڕێوەبەری گشتیی ئاویش دەڵێ، ھەر ھاوبەشێك پێوەری ئاو نەبەستێت، سزا دەدرێت.
 
مەسعوود محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەردەوام ئێمە وەكو حكوومەت لە ھەوڵداین بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان و لە ئێستادا كار لەسەر پڕۆژەیەكی ئاو دەكرێت و بە تەواوبوونیان كێشەی كەمئاوی بەرەو نەمان و چارەسەركردن دەچێت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو لە وەزارەتی شارەوانی گوتیشی: "لە چەند رۆژی داھاتوودا قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی چوار تەواو دەبێت و دەكەوێتە كار و ئاو بۆ شارەدێی كەسنەزان و قەرەبووی كەسنەزان و بەشێكی ھەولێری نوێ و ژمارەیەك شاری وەبەرھێنان لە دەوروبەری ھەولێر ئاو دابین دەكات، بە شێوەیەكی گشتییش ئەو ناوچانەی دەكەونە باكوور و رۆژھەڵاتی ھەولێر، ئاویان بۆ دابین دەكرێت لەو پڕۆژەیەی تەواو دەبێت".
 
محەمەد دەشڵێت: "بە ھۆی كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەكی زۆری بیری ئاو وشك بوونە و ناتوانرێت وەك پێویست سوود لە ئاوی بیرەكان وەربگیرێت".
 
پەیوەست بە وەرگرتنی كرێی ئاویش، مەسعوود محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەمساڵ یەك جار خوێندنەوە بۆ پێوەری ئاو كراوە و بڕیارە لەم مانگەدا جارێكی دیكە خوێندنەوە بۆ پێوەرەكان بكرێت، واتە دوو مانگ جارێك خوێندنەوەیان بۆ دەكرێت و ھەر ھاووڵاتییەك و شوێنێكیش پابەندی بەستنی پێوەر نەبێت، سزای ماددی بە دواوەیە، لەبەر ئەوە ھیودارین ھاوبەشانی ئاو پابەندی بڕیارەكانی حكوومەت بن".
 
قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار