"لە دھۆک دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەی ١٣ قوتابخانە کرا"

دھۆک-KDP.info- لە پارێزگای دھۆک بۆ ئەمساڵ ١٣ قوتابخانەی نوێ دروست دەکرێن و بەرپرسێکی پارێزگای دھۆکیش دەڵێ، تا ھەموو پڕۆژەکان تەواو بکرێن پێویستمان بە ٤٥ ملیۆن دۆلارە.
عوسمان یونس، جێگری پارێزگاری دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دھۆکیش دەست بە تەواوکردنی پڕۆژە ڕاگیراوەکان کراوە، بەڵام سەرەتا ئێمە دەمانەوێت ئەو قوتابخانانە تەواو بکرێن، کە پێشتر دەست بە دروستکردنیان کراوە و بەھۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوون، ئێستا ١٣ قوتابخانە لە سنووری پارێزگای دھۆک پارەی پێویستیان بۆ تەرخان کراوە."
جێگری پارێزگاری دھۆک گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ کۆمپانیاکانی جێبەجێکار گەیشتووینەتە ڕێککەوتن کە قوتابخانەکان تا سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن تەواو بکرێن، تا بۆ خوێندنی ساڵی نوێ قوتابیان سوودیان لێ وەربگرن، ژمارەیەک قوتابخانە ھەن سێ دەوامیان تێدا دەکرێت، دەمانەوێ کێشەی سێ دەوامی چارەسەر بکرێت."
عوسمان یونس ڕوونی کردەوە: "زۆرن ئەو پڕۆژانەی کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە، چونکە ئێمە تەنیا بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدان پێویستمان بە ٤٥ ملیۆن دۆلارە، ھەوڵی زۆر ھەیە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان، بەتایبەتی ھەندێ پڕۆژەمان ھەیە ٨٥%ی کارەکانیان تەواو بووە، داواش لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین زیاتر ھاوکارمان بن بۆ ئەوەی ھیچ نەبێت ئەو پڕۆژانەی نیوە زیاتریان جێبەجێ کراوە، تەواو بکرێن."
قائید میرۆ




