بەرەڤان حەمدی: ههوڵهكانمان لهگهڵ بەغدا بۆ ھاوتاكردنی مووچەی شەھیدان بەردەوامه

ھەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێم گوتی، ھەوڵەكان بۆ ھاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا بەردەوامن، بەڵام ئەو كارە پێویستی بە دەرچەیەكی یاسایی و رێككەوتنی سیاسی ھەیە.
بەرەڤان حەمدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شاندێكی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێم سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆ بووینەوە و بەشداریمان لەیادی ئازادكردنی عێراق و مەراسیمی یادی شەھیدبوونی محەمەد باقر سەدر كرد، لەوێش پێیان ڕاگەیاندین كە شوێنێك لە مۆنۆمێنتی شەھیدان تایبەت دەكرێت بە كەلوپەلی شەھیدانی كیمیابارانكردن و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".
حەمدی گوتیشی: "ھەوڵی جیددی دراوە بۆ ئەوەی مووچەی كەسوكاری شەھیدان ھاوتای مووچەی شەھیدانی بەغدا بكرێت، بەڵام پێویستی بە دەرچەیەكی یاسایی ھەیە، بۆیە بڕیار دراوە وەزارەتی شەھیدانی ھەرێم و دەزگای شەھید و زیندانیانی سیاسی، ھەماھەنگیی زیاتر بكەن بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی".
بریكاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوان باسی لەوەش كرد: "لیژنەیەك دروست كراوە و پەیوەندی لە نێوان ھەرێم و بەغداش بەردەوام دەبێت تاوەكو دەگەینە دەرچەیەكی یاسایی و دەست بە ھاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەھیدان دەكرێت، بۆیە ھەندێك كاتی پێویستە و رەنگە پێویستی بە رێككەوتنی سیاسییش ھەبێت".
بڵند ئیبراھیم




