"بەشداریکردنی سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی دەریای مردوودا پێگەی کورد لە ناوچەکەدا بەھێزتر دەکات"
__2019_04_08_h16m19s48__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێ، بەشداریکردنی کەسایەتییەکی وەکو سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی دەریای مردوودا لە ئۆردن وا دەکات پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا زیاتر بەھێز بێت، چونکە ھەر لە کۆنەوە سەرۆک بارزانی لە ناوچەکەدا ڕێزێکی زۆری لێ دەنرێت.
سیاسەتمەداری کورد، د. محەمەد بازیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو کرانەوەی کورد بەرەو کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان پێگەی کورد لە ناوچەکەدا بەھێز دەکات و بەڵگەیە کە گرنگیی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدرێت، بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، بەشداریکردنی شاندی کورد لە کۆنگرەی ئابووریی جیھانیی دەریای مردوودا لە ئۆردن، چونکە ھەرێمی کوردستان لەسەر دەریای نەوت و گازە، بۆیە بەشداریی پێ دەکرێت و بەتایبەت بەشداریکردنی کەسایەتییەکی وەکو کاک مەسعوود بارزانی، کە کەسایەتییەکی دیارە و لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانییەوە لە ناوچەکەدا ڕێز و تەقدیرێکی تایبەتیان ھەیە، بۆیە ئەمە وا دەکات پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا بەھێزتر بێت."
د. محەمەد بازیانی گوتیشی: "سیاسەت و ئابووری پێکەوە گرێ دراون و زۆربەی سیاسەت لەسەر بنەمای ئابووری دادەنرێت و ھەرێمی کوردستانیش لە ڕووی سیاسییەوە ئارامترین شوێنی ناوچەکەیە و لە ڕووی ئابووریشەوە زۆر دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز، بۆیە گرنگیی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدرێت و پێگەی ھەرێمی کوردستان زۆر بەھێز و گەورەیە لە ناوچەکەدا."
بازیانی باسی لەوەش کرد: "پێویستە ھەرێمی کوردستان ئەو پێگە بەھێزەی ھەیەتی جگە لە ڕووی ئابووری، لە ڕووی سیاسیشەوە بۆ خۆی بەکاری بێنێت، ئەمەش ستراتیژییەکی بەھێزی دەوێت بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی تۆکمە دابنرێت بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە مامەڵە لەگەڵ وڵاتان بکرێت و لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




