٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیاری حوسێن: ئەو شوێنانەی ئاشکرا کرد کە داعش تێیاندا جموجۆڵیان هەیە

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- بەرپرسان دەڵێن، مەترسییەکانی داعش ماوون و مەترسی درووستبوونەوەیان هەیە، هۆکارەکەیشی بۆ ناکارامەیی هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچان دەگێڕنەوە، دەشڵێن دەیان گوند چۆڵ کراون و دەیانی دیکەیش مەترسی چۆڵکردنیان هەیە، هاوکات بە زۆر و ترساندن، دەیانەوێ هاووڵاتیانی مەدەنی بکەنە چەکداری خۆیان.
 
سەرۆک بارزانی لە میانەی کردنەوەی چواردەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، بەڵێ داعش گورزێکی گەورەی بەرکەوتووە و نەماوە، بەڵام مەترسییەکانی هەرماون، دیاری حسێن جێگری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، داعش لە زۆر ناوچەی عێراق بوونیان هەیە و دەگەڕێن، هەر لە مەندەلییەوە، تا شنگال، ئازاری هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەش دەدەن.
 
قادر قاچاخ بەرپرسی لقی ١٧ی شنگال لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، بە نهێنی داعش لەو سنوورە بوونیان هەیە و مەترسییان هەیە، هۆکاری مەترسییەکەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە هێشتا داعش تەواو نەبوون و هەن، بەڵام ئەوەیە بەو قوەتەی پێشتر نین، بەڵکو لە شێوەی گرووپی بچووک بچووک و شێوازی دیکە خۆیان رێک دەخەنەوە.
 
مەترسییەکانی داعش هەر ماون
 
سەرۆك بارزانی لە میانەی گوتارەكەیدا، ئاماژەی بەو زەبرە گەورەی، كە بەر داعش كەوتووە دا و گوتی: "داعش شكستی گەورەی خوارد و خاكی لە دەست داوە، بەڵام مەترسییەكانی داعش هەر ماون و مەترسیی جدیین، پێویستە لەناوبردنی داعش بە هەماهەنگیی نێوان عێراق و سووریا بێت، نابێ دەرفەت بە داعش بدرێتەوە لە شوێنی دیكە نەشونما بكاتەوە و دروست ببێتەوە، هۆكاری دەركەوتنی داعش تا ئێستاش هەر ماون، نابێ پێمان وابێت داعش نەماوە، بەڵكوو ئەوانەی دەڵێن داعش كۆتایی پێهاتووە، راستی ناڵێن".
 
جێگری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو شوێنانەی ئاشکرا کرد، کە داعش تێیاندا جمووجۆڵیان هەیە و ئازاری هاووڵاتیان دەدەن، وەک نیدا و مەندەلی و شارەبان و سەعدییە و جەلەولا، وە قەرەتەپە، سەرگەڕان، تا دەگاتە مەخموور و گوێڕ و شنگال و مووسڵ، ئاشکرایشی کرد، کە ٤٠ بۆ ٥٠ گوندی سەر بە داقووق چۆڵن و بە دەست داعشەوەن.
 
دیاری حوسێن جەختی لە مەترسییەکی دیکەیش کردەوە، کە داعش لەو ناوچانە بە زۆر و ترساندن، هەوڵی چەکدارکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی دەدەن، تا بچنە نێو ریزەکانیانەوە.
 
چەندین گوند چۆڵ کراون
 
دیاری حوسێن تیشکی خستە سەر ئەوەی چەندین گوندی قەرەتەپە بە هۆی بوونی مەترسی داعشەوە، دانیشتوانیان چۆڵیان کردوون، هەرەوەها لە ناوچەی ئامرلی و دووز خورماتووش بوونیان هەیە و چەندین گوندنشینی ئەو سنوورە لەبەر داعش ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
 
کرمانج عەبدوڵا بەرپرسی لقی مەخمووریش، رایدەگەیەنێت، کە ١٥ گوندی کوردی لە سنووری قەراج، مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە و گوندێک چۆڵکراوە و ١٤ گوندەکەی دیکەش باسیان لەوەکردووە، ئەگەر نەیانپارێزن، ئەوانیش گوندەکانیان چۆڵدەکەن، بەو پێیەی ناتوانن زیاتر بەرگەی تەعدای داعش بگرن، بۆیەشە ناوبراو پێیوایە بە چۆڵ کردنی، ئەوا ئەو ناوچانە لە کورد چۆڵ دەبێت.
 
وەک دیاری حوسێن روونی کردەوە، چەکدارە تیرۆریستەکان داوای پارە لە هاووڵاتیان دەکەن و بە زۆر وەک سەرانە لێیان وەردەگرن، هاوکات هەڕەشەی ئەوەش دەکەن، کە ئەو گوندانەی بە دەستیانەوەیە، نابێ دانیشتوانەکەی بگەڕێنەوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی داعش بە ئاسانی جموجوڵەکانیان ئەنجام بدەن.
 
هۆکارەکان
 
قادر قاچاخ هۆکاری مانەوەی مەترسییەکانی داعشی لە سنووری شنگال، بۆ ناکارامەیی هێزە ئەمنییەکانی ئەوێی گێڕایەوە و گوتی: "ناشەرعییەتی لایەنی ئەمنی و ئیداری ناوچەکە و بوونی کێشە لە نێوان ئەو هێزانە و جەماوەر، هۆکاری پەیدابوونەوەی داعشن".
 
دیاری حوسێن، پێیوایە هۆکاری سەرەکەی بوونی بیرکردنەوەی تەسکی تائیفییە لە نێو هەندێ لایەن بەرانبەر بەو ناوچانەی کە داعش تێیاندا ماون، هەر لە مەندەلییەوە تا دەگاتە شنگال، هەموویان ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، کە لە دەستووردا بە مادەی ١٤٠ ناسراون، گوتیشی: هەتا ئەو مادەیە جێبەجێ نەکرێت، حکوومەتی عێراق ناتوانێ بە تەنیا کۆنترۆڵی ئەو سنوورانە بکات".
 
خێڵان بەختیار
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار