ئەمڕۆ دەست بە نۆژهنكردنهوهى لایەکەی تری شهقامى 100 مهترى دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- قیرتاوکردنی شەقامی ١٠٠ مەتریی شاری ھەولێر دەستی پێکردەوە، بەڕێوەبەری شارەوانیی چواری ھەولێریش دەلێ، چاککردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامی ١٠٠ مەتریی ھەولێر، بە ھۆی خراپیی رێگاکە و دروستبوونی چاڵی زۆرە.
ئەمڕۆ دەست بە نۆژەنکردنەوەی لایەکەی تری شەقامی ١٠٠ مەتری شاری ھەولێر دەکرێت، بەڕێوەبەری شارەوانیی چواری ھەولێریش دەلێ، لە قۆناغی یەکەم تەنھا لایەکی شەقامەکە واتا لای فامیلی مۆل قیرتاوکرا، بۆیە ئەمڕۆ دەست بە لایەکەی تری شەقامەکە دەکرێت.
ئەندازیار بۆتان خۆشناو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، قۆناغی یەکەم لە شەقامی شەقڵاوە تاوەکو کۆیە بوو، سەرەتا لایەکی شەقامی ١٠٠ مەتری نۆژەن کرایەوە، بڕیار بوو دوای نەوڕۆز دەست بە تەواوکردنی لایەکەی تر بکرێت، بهڵام بەھۆی باران بارینەوە نەتوانرا زوو دەست بە قیرتاوکردنی بکرێتەوە.
خۆشناو راشیگەیاند، نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە بە گوژمەی ٥٢٢ ملیۆن دینار فەرشڕێژ و قیرتاو دەکرێ، ھەرکات قۆناغی یەکەم قیرتاوکرا، دەست بە قۆناغی دووەم دەکرێت کە لە شەقامی کۆیە تا بەنزینخانەی ئاکار دەبێت.
قیرتاوکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێ، قۆناغی یەکەم لە ڕێگای سهرهكی شەقڵاوە تاوەکو ڕێگای کۆیە دەست پێدەکات، لە قۆناغی داھاتوودا لە شەقامی کۆیە تاوەکو بەنزینخانەی ئاکار دەبێت، دواتر لە بەنزینخانەی ئاکار تاوەکو شهقامی مەخموور بەردەوام دەبێت.
ھەڵکەوت محەمەد




