د. بەشیر: شاندێكی پهرلهمان سەردانى ناوچە زیانلێكهوتووهكانی لافاوی ههرێم دهكات
هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، لیژنەیەک بە مەبەستی بەدواداچوونی ئەو ناوچانەی لافاو تێیاندا روویداوە پێکدەهێندرێت، ئەرکیشیان بەرزکردنەوەی راپۆرتە لەسەر زیانەکان، ئەویش بە مەبستی کاری پێویستە لە لایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی عێراقەوە.
لە پەیوەندییەکیدا دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ ھەر یەکە لە سەرۆكى ئەنجوومەنى پارێزگای سلێمانى و قایمقامی دوکان و ڕواندز و چۆمان و سۆران و، بەڕێوبەرى ناحییەى ئاغجەلەر و، بەڕێوبەرى بەنداوى دوكان و دەربەندیخان کرد، ئەویش بۆ بەدواداچوونی ئەو زیانانەی، کە لە ھەمبەر گۆڕانی کەش و ھەواو باران و لافاوەوه لە چەند دەڤەرێکی ھەرێمی کوردستان ڕوویانداوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکانیدا، حەداد بە ناوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ئامادەیی بۆ ھەر ھاوکارییەک نیشانداوە، کە له لایەن دامودەزگاكانى عێراقەوه بۆ چارەسەرى هەر مەترسییەك، کە لەسەر بەنداوەكانى كوردستان درووست بووبێت، هاوکات هاوكارى خەڵكى زیانلێکەوتووانیش بکرێت، كه به هۆى لافاو و زیاد بوونى ئاوى بەنداوەكانەوه ناوچەکەی گرتووەتەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بە پێکھێنانی شاندێكی ئەندامانى ئەنجوومەنی نوێنەران کرد، کە بەمەبەستی سەردانیكردنى ناوچەکان دیاریکراوە، کە کاریان بەرزكردنەوەى راپۆرتێكى تیروتەسەل به دۆخى ناوچەكان و قەبارەى زیانەكان بۆ سەرۆكایەتى ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت، ئەویش به مەبەستى ئەنجامدانى كارى پێویست لەگەڵ لایەنه پەیوەندیدارەكانى عێراقدا.




