٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ھەموو ڕێگا سەرەکییەکانی پارێزگای ھەولێر نۆژەن دەکرێنەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەپێی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ڕێگا سەرەکییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر نۆژەن دەکرێنەوە و بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ھەولێریش ئاشکرای کرد، باران و لافاوی ئەمساڵ بایی ٢٠ ملیار دینار زیانی بە ڕێگە و پردەکان گەیاندووە.

ھونەر نووری، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھەموو سنووری پارێزگای ھەولێر پازدە ڕێگەی سەرەکی ھەیە و پلانمان ھەیە لە حاجی ئومەران تا قەزای خەبات و ھەموو ڕێگا سەرەکییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر نۆژەن بکەینەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوو داوای دابینکردنی بوودجەی پێویستمان کردووە، لەبەر ئەوە ھەموو ھاووڵاتیانی سنووری ھەولێر بە قەزا و ناحیەکانییەوە دڵنیا دەکەینەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان دەکرێت، چونکە بەشێکی ئەو ڕێگایانە بە شێوەیەک تێک چوونە بۆ ھاتوچۆکردن ئاستەنگیان بۆ ھاووڵاتیان دروست کردوە."

بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "وەزارەتی دارایی و ئابووری پارەی پێویستی بۆ نۆژەنکردنەوەی سێ ڕێگا لە سنووری قەزای کۆیە دابین کردووە و ئێستا خەریکی تەندەرین بۆ جێبەجێکردنی ئەو سێ پڕۆژەیە، کە یەکێک بۆ ناحیەی تەقتەق و یەکێک بۆ ناحیەی ئاشتی و ئەوی دیکەیان لە سنووری ناحیەی سکتانە."

لەبارەی زیانەکانی لافاوی ئەمساڵەوە بۆ کەرتی ڕێگاوبان، ھونەر نووری دەڵێت: "باران و لافاوی ئەمساڵ زیانێکی گەورەی بە پڕۆژەکانی ئێمە گەیاندووە، لەوانەش زۆربەی ڕێگاکان و پازدە پردیش تووشی زیان بوون، بەپێی مەزەندەی ئێمە بەھۆی لافا و بارانەوە بە گوژمەی ٢٠ ملیار دینار زیان بە ڕێگا و پردەکان گەیشتووە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار