٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەركووك.. ھەڕەشەی دەركردنی كورد لە گەڕەكێكی شارەكە دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info
 
كەركووك-KDP.info- لە كەركووك مۆڵەتی یەك هەفتە بە ژمارەیەكی بەرچاوی خێزانی كورد دراوە تا شوێنی نیشتەجێبوونیان چۆڵ بكەن، بەرپرسێكی شارەكەش دەڵێ، دەركردن و ھەڕەشەكردن لە ھاووڵاتیانی كورد بەردەوامە.
 
عەدنان كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "كاتی خۆی ژمارەیەكی زۆری خێزان لە كورد و عەرەب و توركمان لە گەڕەكی بەھاری شاری كەركووك، بە تایبەتی لەنێو ھەندێ شوققەی پەیمانگای شارەكەدا نیشتەجێ بوونە، ئەوانە پێشتر بە فەرمانی ئیدارەی شارەكە لەو شوێنەدا نیشتەجێ بوون و ھیچ كێشەیەكی یاسایی و ئیداریان نییە و زێدەڕۆییان نەكردووە".
 
ئەو بەرپرسەی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "ئێستا ئیدارەی خۆسەپێنی كەركووك ماڵە كوردەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە شوێنەكەیان بەجێ بهێڵن، بابەتەكەش ھیچ پەیوەندییەكی بە زیادەڕۆییەوە نییە، چونكە خەڵكی دیكەشی تێدایە وەك عەرەب و توركمان، بەڵام تەنیا ھەڕەشەی دەركردن لە كوردانی ئەو گەڕەكە كراوە نە بە ماڵە عەرەبەكان گوتراوە و نە توركمانەكان".
 
عەدنان كەركووكی ئاماژە بۆ ئەوە كرد: "پڕۆسەی دەركردن و داگیركاری لە كەركووك ھێشتا بەردەوامی ھەیە، پێش چەند رۆژێك لە ناوچەكانی لەیلانیش دەستیان پێ كرد، بەڵام دوای ئەوەی خەڵكی بەرەنگاریان بوونەوە، كشانەوە، ھەر دەرفەتێكشیان بۆ بڕەخسێت دەستی لە داگیركردنی زەویی كورد و دەركردنی كورد لە كەركووك و دەوروبەری ناپارێزن".
 
قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار