ئەكرەم ئەحمەد: ١٧بەنداومان ههیه.. سەرڕێژكردنیان ھیچ مەترسییەكی نییە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەنداوەكانی كوردستان دەڵێ، زیادبوونی ئاوی بەنداوەكان تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و بەردانەوەی ئاویش لە بەنداوی دوكان و دەربەندیخانەوە، ھیچ مەترسییەكی بۆ سەر بەنداو و دەوروبەریشی نابێت، جگە لەو شوێنانەی كە زیادەڕۆییان كردووە.
ئەكرەم ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەرڕێژبوونی ئاوی بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان، مەترسییەكی نییە و زیانیشی تەنیا بۆ ئەو شوێنانە ھەبووە كە زیادەڕۆییان كردووە لەسەر بەنداوەكە، ئەگەرنا ھیچ زیانی دیكەی نەبووە، بۆیە ئەگەر رێژەی ئاوەكە زیاتریش بێت، تەنیا زیانی بۆ ئەو شوێنانە دەبێت كە زیادەڕۆییان لەسەر موحەرەمات كردووە".

ئەحمەد گوتیشی: "زیادبوونی ئاوی بەنداوەكان بەردەوام دەبێت و رەنگە تاوەكو كۆتایی مانگی چوار زیاد بێت، چونكە لەو مانگەدا بەردەوام ئەگەری دروستبوونی لافاو ھەیە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ھیچ مەترسییەك لەسەر بەنداوەكان نییە و ناشبێت و ئەوەی ھەیە تەنیا ئاویان بەرداوەتەوە".
دەشڵێ، سەرجەم بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان كە ژمارەیان ١٧بەنداوی گەورە و بچووكە، پڕ بوون لە ئاو.
بڵند ئیبراھیم




