٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان رەشید: ھێشتا ١١٧ ھەزار خێزانی ئاوارەی مووسڵ لە ھەولێر ماون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- رۆژانە چەند خێزانێكی مووسڵ خۆیان دەگەیەننە پارێزگای ھەولێر و ژیانی ئاوارەییان پێ خۆشترە لە رەوشی ناوچەكانیان، وەك بەرپرسێكی پارێزگای ھەولێریش دەڵێ، تا ئێستا ١١٧ ھەزار خێزانی مووسڵ نەگەڕاونەتەوە و لە ھەولێر نیشتەجێن.

ڤیان رەشید، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە پارێزگای ھەولێر دەڵێ: "تا ئێستا ١١٧ ھەزار خێزانی خەڵكی شاری مووسڵ لە سنووری پارێزگاری ھەولێر وەك ئاوارە ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانیان، ئەوەش بە ھۆی رەوشی ئاڵۆزی مووسڵ و نەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە، بۆیە ناچارن روو لە ژیانی ئاوارەیی بكەن، چونكە لێرە ئاوارەش بن باشترە لەوەی لە شوێنی خۆیان خزمەتگوزارییان بۆ دابین نەكرێت، سەرەڕای ئەوەش رەوشی ئەمنی ئاڵۆزە، ئەمەش ئاماری فەرمییە و لەوانەشە ھەبن تۆمار نەكرابن لای ئێمە و ژمارەكە زیاتر بێت".

 ئەو بەرپرسەی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رۆژانە ژمارەیەك خێزانی مووسڵ دووبارە ئاوارە دەبنەوە و دەگەنە سنووری پارێزگای ھەولێر و مانگانەش سەدان كەس لە مووسڵ و دەوروبەریەوە خۆیان دەگەیەننە سنووری پارێزگای ھەولێر، كە تێیدا خەڵكی سەنتەری شار و قەزا و ناحیەكانی مووسڵ ھەن، خەڵكی زیاتر بێزارە لەوەی خزمەتگوزاریی سەرەتاییان بۆ دابین نەكراوە و ھەڕەشەی تیرۆرستانی داعشیان لەسەر ماوە".

لە كاتی ھێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر مووسڵ، خەڵكی مووسڵ بەرەو ھەرێمی كوردستان ئاوارە بوون و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەرگای بۆ ئاوارەكان كردەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەكانیش زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی شەڕی داعش روویان لە ھەرێمی كوردستان كردبوو.

ڤیان رەشید ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "جگە لە ھەبوونی چەند كەمپێك، زۆرێك لە ئاوارەكانی مووسڵ لەنێو گەڕەكەكانی شاری ھەولێر و دەوروبەریدا نیشتەجێ بوونە، لەلایەن ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیشەوە ھاوكارییان دەكرێت و بە شێوەیەكی گشتی ژیانێكی ئاسایی بەڕێ دەكەن لە ھەولێر".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار