٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەم ھەفتەیە ١٠٠ملیۆن دۆلاری دیكە بۆ بەڵێندەران خەرج دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان گوتی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ١٠٠ملیۆن دۆلاری دیكەی بەڵێندەران خەرج بكات و ھەموو رێكارەكانیش تەواو بوونە و لەم ھەفتەیەدا دەست بە خەرجكردنی دەكرێت.

بەشار عەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ١٠٠ملیۆن دۆلاری دیكەی بەڵێندەران بداتەوە و لە ئێستادا ھەموو رێكارەكانی خەرجكردنی پارەكە تەواو بوون و تەنیا ماوە بانكی مەركەزی پارە بۆ ئەو بانكانە رەوانە بكات، كە تێیاندا پارە بەسەر بەڵێندەراندا دابەش دەكرێت، لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆكیش سێ بانك دیاری كراون تا پارەكەیان لێ دابەش بكرێت".

عەلی گوتیشی: "لەو پارەیەی ئەمجارە حكوومەت لەم ھەفتەیەدا خەرجی دەكات، ٤٣%ی بۆ سلێمانی و ھەڵه‌بجە و گەرمیان و ٥٧%ـیشی بۆ ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆكە، كە ئەو پارەیەش بۆ ھەردوو كەرتی وەبەرھێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكانە.

دەشڵێ، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ھۆی قەیرانی داراییەوە ملیارێك دۆلاری بەڵێندەران قەرزدار بوو، كە تا ئێستا نزیكەی ٤٠٠ملیۆن دۆلاری داوەتەوە و بڕیاریشی داوە بەپێی باشبوونی دۆخی ئابووری، قەرزەكانی دیكەش بداتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم   

هەواڵی پەیوەندیدار