چەتو: ژمارەیەک کەس خۆیان بۆ کاندیدکردنی پارێزگاری نەینەوا ئامادە کردووە
__2019_04_06_h16m48s7__ER.jpg)
مووسڵ-KDP.info- وادەی یاساییی تانەدان لە بڕیاری لادانی پارێزگاری نەینەوا بەرەو تەواوبوون دەچێت و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواش دەڵێ، ژمارەیەک کەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری نەینەوا کاندید کردووە.
ڕۆژی ٢٤ی مانگی ڕابردوو بە تۆمەتی گەندەڵی و ھەبوونی کەمتەرخەمی لە کارەکەیدا پەرلەمانی عێراق نەوفەل عاکۆبی، پارێزگاری نەینەوای لەسەر کارەکەی لادا. سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاری نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوو ڕۆژی داھاتوودا وادەی یاساییی تانەدان لە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی لادانی پارێزگاری نەینەواوە کۆتایی دێت."
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: "تەنیا دەمێنێتەوە سەر دادگای ئیداری بۆ ئەوەی بڕیاری خۆی بدات، دادگاش دەتوانێ لە ماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا بۆچوونی خۆی دیاری بکات و ئینجا کار بۆ دانانی پارێزگاری نوێ بۆ نەینەوا دەکرێت، بێگومان ھەڵبژاردنی پارێزگاش لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگادایە و ئامادەکاریمان کردووە."
چەتۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تا ئێستا ژمارەیەک ناو دێن بۆ ئەوەی ببن بە پارێزگاری نەینەوا، بەڵام لەبەر ئەوەی ھێشتا دەرگای خۆکاندیدکردن نەکراوەتەوە تا بڕیاری دادگا دەردەچێت، ناتوانین ھیچ ناوێک ئاشکرا بکەین."
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کاندیدن بۆ پارێزگاری نەینەوا و مەرجی بوون بە پارێزگار سەیدو چەتۆ گوتی: "مەرجی سەرەکی ئەوەیە خەڵکی پارێزگای نەینەوا بێت، وەک ئاماژەم بۆ کرد ژمارەیەک کەس خۆیان ئامادە کردووە، من وای دەبینم بەشێک لەوانەی تموحی ئەوەیان ھەیە ببن بە پارێزگار و ناویان لە خۆ ناوە و لە ھەوڵدان، دواتر پاشگەز دەبنەوە، چونکە ڕۆژانی دابێ خەڵکی دیکەش دێت بۆ ناوتۆمارکردن و ئەوانەی دەزانن لە ھەڵبژاردن دەنگی پێویست بەدەست ناھێنن دەکشێنەوە."
جێی ئاماژەیە، دەبێ کاندیدی پارێزگاری نەینەوا بە زۆرینەی ڕەھا ھەڵبژێردرێت، واتە لە سەرجەمی ٣١ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەو کاندیدەی دەبێتە پارێزگار پێویستی بە ٢١ دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن ھەیە.
قائید میرۆ




