رەبەتكی: بههۆی ھەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەوه كارگە لەكاركەوتووكان دەست بە كارەكانیان دهكەنەوە

دھۆك-KDP.info- بەرپرسێكی كەرتی پیشەسازی، زانیاری لەبارەی گەشەكردنی كەرتی پیشەسازیی ھەرێمی كوردستانەوە دركاند و گوتی، نیوەی كارگەكانی ھەرێمی كوردستان بە ھۆی قەیرانی داراییەوە لە كار كەوتبوون، بەڵام چەند رۆژێكە دەست بە ئامادەكردنەوەیان دەكرێت بۆ كاركردن.
حەمید رەبەتكی، سەرۆكی ژووری پیشەسازیی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ساڵانی رابردوو بە ھۆی قەیرانی دارای و نەبوونی كار و وەستانی بازاڕەوە نیوەی كارگەكانی ھەرێمی كوردستان لەكار كەوتبوون و ھەزارەھا ھاووڵاتی ھەر لە كرێكار و ئەندازیارەوە تا بازرگان و خاوەنكاریش بێكار ببوون، بەڵام لەگەڵ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە و گەشەكردنی ئابووریی ھەرێمی كوردستاندا، خەریكە بازاڕی پیشەسازی دەبووژێتەوە".
سەرۆكی ژووری پیشەسازیی دھۆك روونی كردەوە: "ماوەی چەند رۆژێكە جووڵە كەوتووەتە بازاڕی ھەرێمی كوردستان و خاوەنی كارگەكانیش دەستیان كردووە بە ئامادەكردنی كارگە راگیراوەكان بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە كار بكەنەوە، ھەرچەندە ئامارێكی دروست لە بەردەستدا نییە، بەڵام سەدان كارگەی لەكاركەوتوو ئامادە دەكرێن و پێشبینی دەكرێت لە مانگەكانی داھاتوودا دەست بە كارەكانیان بكەنەوە".
رەبەتكی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "جگە لە كارگە ناوخۆییەكان، ژمارەیەك بازرگانی بیانی رەزامەندییان نیشان داوە كارگە و لقی كۆمپانیا بازرگانییەكانیان بگوازنەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، ئێمە پێشبینی دەكەین رەوشی بازرگانی و بە تایبەت كەرتی پیشەسازی بگەڕێتەوە رەوشی جارانی".
قائید میرۆ




