یەكێتیی پەرلەمانتاران كۆنگرەی سێیەم دەبەستێت

ھەولێر-KDP.info- یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان، ئەمڕۆ لە ھەولێر سێیەم كۆنگرەی خۆی دەبەستێت و دەستەیەكی نوێ بۆ یەكێتییەكە ھەڵدەبژێردرێت.
نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر لە ھۆڵی پێشەوا بە بەشداریی پەرلەمانتارانی سەرجەم خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و عێراق، سێیەم كۆنگرەی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان دەبەسترێت و دەستەیەكی نوێ بۆ یەكێتیی پەرلەمانتاران هەڵدەبژێرن، كە لە ١١ كەس پێك دێت و پەرلەمانتارانی پێشووی سەرجەم حیزبەكانیش تێیدا بەشدار دەبن".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "لەو كۆنگرەیەدا راپۆرتی گشتی پێشكەش دەكەین لە ماوەی ئەو ساڵانەی كاركردنمان و دەمانەوێت بە كار و چالاكیی خۆماندا بچینەوە، بە جۆرێك كە لەگەڵ دۆخی ئێستادا بگونجێت، بۆ ئەوەی برەو بە یەكێتیی پەرلەمانتاران بدرێت".
ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد: "كۆنگرەی یەكێتیی پەرلەمانتاران یەك رۆژ دەخایەنێت و ھیوادارین ھەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق و ھەرێمی كوردستان بێن بەشداری لەو كۆنگرەیەدا بكەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش شوێنیان لەو یەكێتییەدا ھەبێت".
بڵند ئیبراھیم




