٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایی (٦٠)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی (خەبات) دەکات

سەرچاوە: KDP.info
 
پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانى بەبۆنەی(٦٠)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی خەبات
 

بەڕێزان: سەرنووسەر و سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاکار و کارمەندانی ڕۆژنامەی (خەبات)ی تێکۆشەر

سڵاو و ڕێز،
بە بۆنەی (٦٠)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی (خەبات)ی ئازیزەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و ئومێدی بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم. 
کار و تێکۆشانتان بەوپەڕی هەستی بەرپرسیاریه‌تییەوە بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتیخوازانەی پارتی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان لەپێناو ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی و پێشکەوتنی گەل و نیشتیماندا، مایه‌ى ستایش و پێزانینە.
(خەبات) خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و ناوێکی گەورە و دیاری نێو بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستانە، دەیان ساڵە لە سەنگەری داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەماندا تێدەکۆشێ و قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین کادیری لێهاتوو و بەتواناى ڕاگەیاندن و بڵندگۆی هەموو دەنگێکی ئازادیخواز، ئاشتیخواز و پێشکەوتنخواز بووە لە کوردستان.
(خەبات) وەک زمانحاڵی پارتى دیموكراتى كوردستان هەمیشە بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریه‌تى و لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتیمانەوە، پەیام و گوتاری خۆی ئاراستە کردووە. 
لەم قۆناغە چارەنووسسازەی ئێستاشماندا وەک هەمیشە و وەک میدیایەکی نیشتیمانی، چاوەڕوانیی ڕۆڵێکی چالاک و کاریگەر لە (خەبات) دەکرێت بۆ جێگیرکردن و بەهێزکردنی پایەکانی ئاشتی و دیموکراسی و ئازادییە گشتییەکان لە کوردستان لەپێناو ئێستایەکی گەشاوە و ئایندەیەکی گەشتردا بۆ گه‌ل و وڵات و نەوەکانی داهاتوومان.
دووبارە پیرۆزباییی ئەم یادەتان لێدەکەین و هیوادارین هەردەم لە سەرکەوتن و پێشەکەوتندا بن. 
سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم ئەو شەهیدە قارەمان و ڕەوانشادانەی کە بە ناو و بیر و بەرهەمەکانیان قۆناغ بە قۆناغ ڕۆژنامەی خەباتیان بەرەو بڵندی سەرخست.
سڵاو لە سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەرفرازیی كوردستان. 
 
نێچیرڤان بارزانى
جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان
٤/٤/٢٠١٩

هەواڵی پەیوەندیدار