٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی مامۆستایان: ئەولەوییەتی دامەزراندن بۆ مامۆستایانی گرێبەست و خۆبەخشە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە ھەوڵدایە مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە ھەمیشەیی و لە ھەمان كاتدا مامۆستایانی خۆبەخشیش بكرێنە گرێبەست. سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێ، ژمارەیەك مامۆستا دادەمەزرێن و ئەولەوییەتی دامەزراندنیش بۆ مامۆستایانی گرێبەست و خۆبەخشە.

ئەحمەد سابیر، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دوای ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە ھەرێمی كوردستان كردبوو، دامەزراندنی مامۆستایان وەستابوو، بەڵام خۆشبەختانە وەزارەتی پەروەردە و ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندییان دا نزیكەی ٦ ھەزار مامۆستا گرێبەستیان بۆ بكرێت، بڕی ئەو گرێبەستەش ٤٠٠ ھەزارە ‌و ھەیە ٥٠٠ ھەزار دینارە، ئاماژە بەوەش دەكات،‌ ساڵی پار بڕیار درا ژمارەیەك لە دەرچووانی كۆلێژی بنیات و پەروەردە وەكو وانەبێژ وانە بڵێنەوە تا بۆشاییەكان پڕ بكەنەوە، بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردەش ١١ ھەزار كەس تێپەڕیبوو.

سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست و خۆبەخش، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ، ئەوانەی گرێبەستن یاخود ئەوانەی خۆبەخشن و بێبەرامبەر وانە دەڵێنەوە، ھەركات بڕیاری دامەزراندن دەرچوو، ئەولەوییەتی دامەزراندن بۆ ئەوانە، بەپێی پێویستیی وەزارەتی پەروەردەش ژمارەیەك مامۆستای وانەبێژ بەپێی ئاستی پسپۆڕییەكەیان دادەمەزرێن.

ھەروەھا جەختیشی لەوە كردەوە،‌ كە ‌ھەموو ھەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ تاوەكو گرێبەستیان بۆ بكرێ یاخود دامەزرێن، ناوبراو گوتیشی، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە ‌و وەزارەتی دارایی قسەیان كردووە، لە پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتیشدا ھیوایەكی زۆر ھەیە ژمارەیەك لە مامۆستایان دامەزرێندرێن.

لە كاتی قەیرانی داراییدا مامۆستایانی حكوومی، لە قوتابخانە ئەھلییەكانیش وانەیان دەگوتەوە، بەمەش دەرفەت بۆ دەرچووانی كۆلێژ كەمتر بوو تاوەكو دامەزرێن، ھەروەك سابیر دەڵێ، پێویستیان بەوە بوو لە شوێنی تر وانە بڵێنەوە، بەڵام بە نەمانی پاشەكەوتی مووچە، پێشبینی دەكرێت خۆیان یەك دەوام بكەن.

ئەحمەد سابیر ئاشكرایشی كرد، وەزارەتی پەروەردە رێنماییەكی دەركردووە كە بڕیارەكەیان كەمێك قورسە بۆ ئەو مامۆستایانەی دوو دەوام دەكەن، دەبێ مامۆستایانی حكوومی، ئەوانەی دامەزراون، دەرفەت بەو گەنجانەی دەرچووی كۆلێژەكان بدەن، ئەمەش ھەنگاوێكی باشە و دەرفەت بۆ ئەوانی تر زیاتر دەكات.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، قوتابخانە ئەھلییەكانیش پێویستیان بە شارەزایی مامۆستایانی حكوومی ھەیە، بۆیە قوتابخانە ئەھلییەكانیش پەنایان بردووەتە بەر توانای مامۆستایانی حكوومی، ھەر بۆیە ئەوانەی لە حكوومەت دامەزراون، بە ھەمان شێوەی ‌ ئەھلییەكان وانە دەڵێنەوە، بە پێچەوانەشەوە.

 

ھەڵكەوت محەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار