لە دھۆک پارەی بەڵێندەران خەرج دەکرێت
__2019_04_03_h16m11s28__ER.jpg)
دھۆک-KDP.info- پێنجشەممە (٤ی ٤ی ٢١٠٩) لە دھۆک پارە بەسەر ئەو بەڵێندەرانەدا دابەش دەکرێت، کە پێشتر پڕۆژەیان ئەنجام داوە و جێگری پارێزگاری دھۆکیش دەڵێ، حەفتەی داھاتووش ١٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرسێ پارێزگای ھەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
عوسمان یونس، جێگری پارێزگاری دھۆک بۆ کاروباری تەکنیکی ئاشکرای کرد: "ڕۆژی پێنجشەممە (٤ی ٤ی ٢١٠٩) یەک ملیار دینار بۆ ئەو بەڵێندەرانە خەرج دەکرێت کە پێشتر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیان جێبەجێ کردووە و نزیکەی ٧٠ کۆمپانیا لە بڕیاری دابەشکردنی ئەو گوژمەیەی پارەی پڕۆژەکان سوودمەند دەبن."
جێگری پارێزگاری دھۆک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی دارایی، پارەی قەرزی بەڵێندەران خەرج بکرێت و ئەمە بۆ جاری پێنجەمە پارەی بەڵێندەران خەرج دەکرێت."
عوسمان یونس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو ١٠٠ ملیار دیناری دیکە بۆ ھەرسێ پارێزگای ھەرێمی کوردستان لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە خەرج بکرێت، ھەوڵ دەدەین پشکی زیاتر بۆ پارێزگای دھۆک بێت و حەفتەی ئایندە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
قائید میرۆ




