نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە عەفرین دەستگیر كرا

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بەرپرسی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی، كە ھاوكات ئەندامی سەركردایەتیی PDKSـیە، لە شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دەستگیر كرا، سەركردەیەكی ئەو حزبەش دەڵێ، تا ئێستا لێكۆڵینەوە بەردەوامە و ھۆكاری دەستگیركردنی نازانن.
نووری بریمۆ، ئەندامی سەركردایەتیی PDKS، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ماوەی دوو رۆژە ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا لەلایەن پۆلیسی سەربازیی شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستانەوە دەستگیر كراوە و لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە.
ئەو بەرپرسەی PDKS ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "مامۆستا حوسێن جگە لەوەی ئەندامی سەركردایەتیمانە، نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردیشە لە شاری عەفرین و تا ئێستا ھۆكاری دەستگیركردنی دیار نییە، تەنانەت زانیاریمان لەسەر شوێنی دەستگیركردن و رێڕەوی لێكۆڵینەوەش نییە".
بریمۆ دەڵێت: "لە رێگەی هاوپەیمانییەوە ھەوڵەكانمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی ھۆكاری دەستگیركردنی ئەو بەرپرسەی پارتیمان بزانین و ئازاد بكرێت، بەڵام تا ئێستا ھەوڵەكان نەگەیشتوونەتە ئەنجامێك بۆ ئازادكردنی، كە ئێمە ئەو رووداوە بە نایاسایی دەزانین بەرامبەر بە مامۆستا حوسێن".
قائید میرۆ




