٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. دیندار: كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم، كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم و وڵاتان دەبێت

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی راپۆرتی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان رایدەگەیەنێت، دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم کارا بکرێتەوە کارێگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی دەرەوە. 
 
رۆژی ٢٧ی ئاداری ٢٠١٩ گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راپۆرتێكی لە ژێر ناوی "دوابەدوای هەوڵی ریفرانداۆمە پڕكۆسپەكەی كوردستانی عێراق" بڵاو كردەوە. لەم راپۆرتەیدا گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان باس لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان، كە لە دوو ساڵی رابردوودا و ئەو تەحەددییانەی رووبەڕووی بوونەوە لە دوای ریفراندۆم و، هەوڵەكانی چارەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، دەكات.
 
د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی راپۆرتی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "لە دوای هێرشی داعش و دەستبەسەرداگرتنی بەشێكی زۆری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، نزیكەی دوو ملیۆن لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە روویان لە هەرێم كرد، كە بە بارودۆخێكی سەختی ئابووریدا گوزەری دەكرد، ئەویش لە ئەنجامی بڕینی بودجە و مووچەی هەرێم، ئەمەش بارگرانییەكی زیاتری خستە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی كە هەرێمی كوردستان، قوربانییەكی زۆری لە ئەنجامی ئەو هێرشانە دا، دواتریش وەك سزایەكی هەمەلایەنە دژی هەرێمی كوردستان لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، دووبارە هەرێم رووبەڕووی گەمارۆیەكی هەمەلایەنەوە بووەوە، بەڵام بە سیاسەتی حەكیمانەی سەركردایەتیی سیاسی و خۆڕاگریی میللەتی كورد، تواندرا ئەو قۆناغە سەختە ببڕێت و، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەرەوەش تا رادەیەكی زۆر ئاسایی كرانەوە، كە پێمان وایە دەبووایە ئەو راپۆرتەی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەو تەحەددیانەش كردبووایە، كە لەو ماوەیەدا رووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە".
 
زێباری ئاماژەی بەوەش كرد، كە هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەشدارییەكی كارایان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا كرد، لە رێگای بەشداریكردنیشیان لەو هەڵبژاردنەی، كە لە نیوەی یەكەمی ساڵی رابردوودا ئەنجام درا و، تێیدا لایەنە كوردستانییەكان سەركەوتنی بەرچاویان بە دەست هێنا و، بەشدارییان لە پێكهێنانی كابینەی (عادل عەبدولمەهدی)ـدا كرد. ئەم بەشداریكردنە لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، وای كرد كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەنگاوێكی زۆر ببڕن بەرەو ئاساییبوونەوە، كە ئەمەش رێخۆشكەرە بۆ چارەكردنی ئەو كێشە هەڵپەسێردراوانەی تا ئێستا چارە نەكراون، بە تایبەتی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
 
دیندار زێباری دەربارەی رەوشی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، كە لە راپۆرتی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتیدا ئاماژەی پێ كراوە، گوتی: "سەرەڕای نالەباریی بارودۆخی هەرێمی كوردستان، پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان بەردەوام بوو، رۆژی 30/9/2018 لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن ئەنجام درا، ئەویش بە ئامادەبوون و چاودێریی دەیان چاودێری ناوخۆ و بیانی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێم. لە ئێستادا گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم بەردەوامن، هەنگاوی زۆر باشیشیان بڕیوە و، خەڵكی كوردستان بە ئومێدن كە ئەم كابینە نوێیە پێك بهێنرێت، هاوكات دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كارا بكرێتەوە، كاریگەریی ئەرێنیی لەسەر باشتركردنی رەوشی بژێویی ژیانی هاووڵاتیان و پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی دەرەوە دەبێت".
 
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆتایی لێدوانەكەیەدا ئاماژەی بەو ئاستەنگانەی رووبەرووی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوودا بوونەوە، بە تایبەتی لە رووی ئابوورییەوە، كرد و گوتی: "گەلی كوردستان هیوای زۆری بەوە هەبووە، كە لایەنە نێودەوڵەتییەكان هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكەن، بە تایبەتی لە رووی مرۆیی و یارمەتیدانی ئاوارەكان، كە تا ئێستا ژمارەیەكی زۆریان لە هەرێمی كوردستان ماون و نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، لە هەمان كاتدا پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەبووە لەسەر ئاستی ناوخۆ و بەغدا".
 

هەواڵی پەیوەندیدار