مەخموور.. لە ترسی داعش گوندێك چۆڵ كرا

مەخموور-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور گوتی، لە سنووری قەراجی سەر بە مەخموور، داعش چوونەتە سەر گوندێك و سەرانەیان لێ وەرگرتوون، ئەوانیش لە ترسان گوندەكەیان چۆڵ كردووە، چونكە داوایان لە سوپای عێراق كردووە بیانپارێزیت، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە، بۆیە ئەوانیش لە ترسی داعش گوندەكەیان چۆڵ كردووە".
لیوا زریان وەسانی، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تیرۆریستانی داعش لە گوندی گردگڕاوی سەر بە شارۆچكەی قەراجی سەر بە قەزای مەخموور، چوونەتە سەر خەڵكەكە و ھەر یەكەو ١٠٠ھەزار دیناریان وەك سەرانە لێ وەرگرتوون و خەڵكیش داوای لە سوپای عێراق كردووە بیانپارێزیت لە تیرۆریستانی داعش، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە، بۆیە ئەوانیش لە ترسی داعش گوندەكەیان چۆڵ كردووە".
وەسانی گوتیشی، داعش لە سنووری ژێر دەستی ھێزە عێراقییەكان بەردەوام دەسووڕێنەوە و دەچنە سەر گوندەكان و پارە و خواردن لە ماڵەكان وەردەگرن و جموجۆڵیشیان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، چونكە ھێزە عێراقییەكان توانای بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستانیان نییە.
ئەو فەرماندەیە باسی لەوەش كرد: "ئەو شوێنانەی داعش جموجۆڵی لێ زۆر بووە، دوورن لە ھێزی پێشمەرگە و لە سنووری ئێمە ناتوانن نزیك بكەونەوە".
بڵندئیبراھیم




