فراكسیۆنی زەرد: پڕۆژەكانمان لە بەرژەوەندیی خەڵكن.. پەلەمانه تا حكوومەت جێبەجێیان بكات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، وەك فراكسیۆنی زەرد پڕۆژەیەكیان ئامادەیە بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان، چونكە پێویستە ئەو دەرماڵەیە بۆ قوتابیان بگەرێندرێتەوە، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی وخوێندنی باڵا لە ھەوڵی بەردەوامدان.
عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پڕۆژەیەكمان ئامادە كردووە بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان و چاوەڕێی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی ھەرێم و پێكھێنانی حكوومەتی نوێی ھەرێمی كوردستان دەكەین، چونكە ئەو پڕۆژەیە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە ھەیە و حكوومەتی ئێستاش متمانەی لە خولی ڕابردوو وەرگرتووە و چاوەڕێی حكوومەتی تازە دەكەین، كە متمانەشمان پێ دا ئەوكات دەتوانین ھەر داواكارییەكمان لێیان ھەبوو بكەین".
دۆڵەمەری گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و خوێندنی باڵاش لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بتوانین ھەر لە ئێستاوە دەرماڵەكە بۆ قوتابیان بگەڕێندرێتەوە و لە ھەوڵەكانیشمان بەردەوام دەبین، چونكە یەكێك لە خاڵەكانی بەرنامەی ئێمە لە كاتی ھەڵبژاردندا، سێكتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا بووە، بۆیە ھەوڵی زیاتر دەدەین تاوەكو دەرماڵەیان بۆ دەگەڕێتەوە".
دەشڵێ: "كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگمان ئامادە كردوون كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندان، ھەر بۆیەش دەمانەوێت پەلە بكەین بۆ پێكھێنانی حكوومەت بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە پێشكەش بكەین و پەسەند بكرێن و حكوومەتیش جێبەجێیان بكات".
بڵند ئیبراھیم




