دڵشاد عیمادەدین: ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی داوە.. سەرجەم رێگاكانی ھەولێر نۆژەن دەكرێنەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی ھەولێر گوتی، بە ھۆی بارینی بارانێكی زۆر و قەیرانی داراییەوە، ماوەیەكی زۆرە رێگاوبانەكانی دەرەوەی شاری ھەولێر نۆژەن نەكراونەتەوە، بەڵام بڕیارە ھەفتەی داھاتوو سەرجەم رێگاوبانەكان و ئەو شوێنانەی زیانیان بەركەوتووە، نۆژەن بكرێنەوە.
دڵشاد عیمادەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی قەیرانی داراییەوە ماوەی چەند ساڵێكە چاككردنەوەی رێگاوبانەكانی دەرەوەی شاری ھەولێر راگیرابوو، بەڵام لە ئێستادا داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە رەزامەندی بدەن بۆ تەرخانكردنی ملیارێك دینار بۆ ئەوەی ئەو رێگایانەی تێك چوونە و ئەوانەی بە ھۆی لافاو و بارانبارینەوە زیانیان بەركەوتووە، چاكیان بكەینەوە، بۆیە رەزامەندی دراوە و چاوەڕێ دەكرێت ھەفتەی داھاتوو دەست بە نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەیان بكرێتەوە".
بە گوتەی عیمادەدین، ئەو رێگایانەی نۆژەن دەكرێنەوە بریتین لە رێگای ھەولێر بۆ خەبات، مامەجەلكە بۆ سێبیران، چۆمان بۆ حاجی ئۆمەران، بەستۆرە بۆ شێخ توراب، ھەولێر بۆ گوێڕ، هەروەها چەندین شوێنی دیكەش لە سۆران و مێرگەسۆر، كە بە ھۆی بارانبارین و لافاوەوە زیانیان بەركەوتووە.
بڵند ئیبراھیم




