یەكێتیی پەرلەمانتاران: پێویسته لایهنهكان بەپێی قەبارەی خۆیان داوای پۆست بكهن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان رایگەیاند، ھەنگاوەكان بەرەو كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان و پێكھێنانی حكوومەتی نوێی ھەرێم زۆر باشن و پێویستە پەلەی لێ بكرێت و چیتر پێكھێنانی حكوومەت دوا نەخرێت.
نیعمەت عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەو ھەنگاوانەی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان دەنرێن، زۆر باشن و پێویستە چیتر پێكھێنانی حكوومەت دوا نەكەوێت و دامەزراوە حكوومییەكان بكەنەوە سەر كاری خۆیان لە كابینەی نوێدا، چونكە خەڵكی كوردستان بە ئومێدەوە سەیری گۆڕانكارییەكانی حكوومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان دەكات".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەو ھەنگاوانەی دەنرێن بۆ كاراكرنەوەی سەۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی ھەنگاوەكانی پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمیشن، بۆیە پێویستە ھەنگاوەكان بەردەوام بن و ھەنگاوی دیكەشیان بە دوادا بێت، كە لە بەرژوەندیی خەڵكی كوردستان بێت و گرنگیشە ھەموو لایەنەكان پێكەوە ھەنگاوەكان بنێن و ھەر یەكەو بەپێی قەبارەی خۆی داوای پۆست بكات و سازش بۆ یەكتری بكەن".
سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتاران باسی لەوەش كرد، پێویستە رەچاوی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان بكرێت لە پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا و ئەمە گرنگیی زۆری ھەیە، چونكە خەڵكی كوردستان دەنگی بە لایەنەكان داوە و دەبێ حیساب بۆ ئەوانە بكرێت دەنگی زۆریان ھێناوە، بەڵام گرنگە لایەنەكان ھەر چۆنێك بێت بگەنە رێككەوتن، چونكە جگە لە رێككەوتن، رێگەی دیكەیان لە پێش نییە.
دەشڵێ: "ناكرێ لەوە زیاتر حكوومەت دوا بخرێت، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش بۆ ھەرێمی كوردستان باش نییە، بۆیە با حكوومەت دروست بكرێت و دواتر دەتواندرێت ھەر كێشەیەك ھەبێت، لایەنەكان لە نێوان خۆیاندا چارەی بكەن".
بڵند ئیبراھیم




