٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەر كەسێك گژوگیا لە رەگەوە دەربهێنێت سزا دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

مێرگەسۆر-KDP.info- قایمقامی مێرگەسۆر دەڵێ، ئەمساڵ سزایەكی زۆر توندیان بۆ ئەو كەسانە داناوە كە گژوگیا لە ڕەگەوە دەردەهێنن، هەموو بازگەكانیش ئاگادار كراونەتەوە و هەر كەسێك گژوگیا لە رەگەوە دەربهێنێت، سزا دەدرێت.

غەفوور ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ساڵانە گەشتیارێكی زۆر روو لە ناوچە گەشتیارییەكانی مێرگەسۆر دەكەن، رێنمایی پێویست لە بازگەكان بە گەشتیاران دەدرێت و هیوادارین ژینگە وەكو ماڵی خۆیان بپارێزن، چونكە هەر ئەوان جارێكی دیكە روو لەو ناوچانە دەكەنەوە، ئەگەر بزانین هەر كەسێك ژینگە ناپارێزێت و پابەندی رێنماییەكان نابێت، سزای دەدەین، لە بازگەگانیش بەردەوام گەشتیاران ئاگادار دەكرێنەوە كە نزیكی ناوچەی قەدەغەكراو نەبنەوە، بە تایبەت ئەو ناوچانەی كێشەی پەكەكە و توركیایان لێ هەیە، یان ئەو ناوچانەی بە مین و تەقەمەنی لە سەردەمی رژێمی بەعس داپۆشراون".

قایمقامی مێرگەسۆر دەشڵێ: "ئەوانەی گژوگیای بەهارە دەكەن، داوایان لێ دەكەین لە ڕەگەوە دەریان نەهێنن، چونكە ئەمساڵ سزایەكی زۆر توندمان بۆ ئەو كەسانە داناوە كە گژوگیا لە ڕەگەوە دەردەهێنن، هەموو بازگەكانیش ئاگادار كراونەتەوە و هەر كەسێك گژوگیا لە رەگەوە دەربهێنێت، سزا دەدرێت".

 

ڕابین شێروانی

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار