مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە و 14 كۆنسووڵگەری سەردانی مەزاری نەمرانیان كرد

بارزان-KDP.info- مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و 14 كۆنسووڵگەری و چەندین دیپلۆماتكاری بیانی كە لە هەرێمی كوردستانن، سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد.
لە ساڵیادی لەدایكبوونی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە یاوەریی شاندێكی دیپلۆماسی و نوێنەری وڵَاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان، سەردانی بارزانیان كرد و لەلایەن خەڵات بارزانی، نوێنەری تایبەتی سەرۆك بارزانییەوە پێشوازی كران و بە ناوی جەنابیانەوە بەخێرهاتنی كردن و بە كورتی باسی لە خەبات و ڕێباز و شۆڕشەكانی بارزانیی نەمر بۆ شاندی میوان كرد.
پاشان هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە، باسی مەزڵوومیەتی گەلی كوردسان و بەردەوامیی خەباتی ژەنەڕاڵ مەلا مستەفای بارزانی كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو زوڵم و داگیركارییەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە. سیوەیلی ئەوەی خستە ڕوو كە مەلا مستەفای بارزانی هەرگیز باوەڕی بە شەڕ نەبووە بۆ یەكلاكردنەوەی گرفت و كێشەكان، بەڵكوو باوەڕی بە ئاشتی و لێكتێگەیشتن هەبووە بۆ چارەسەری كێشەكان و شوڕشی ئەیلوولیش باشترین بەڵگەیە كە گەلی كوردستان هێزی سەربازیی تەنها بۆ بەرگركردن بووە.

كاتسۆمی مۆریاسو، كۆنسووڵی ژاپۆن، بە ناوی كۆنسووڵ و نوێنەرانی ئامادەبووەوە خۆشحاڵیی خۆیانی بۆ ئەو سەردانە دەربڕی و بەڕێزیان باسی لە ڕۆڵی ژەنەڕاڵ بارزانی كرد لە خەباتی بەدەستهێنانی مافی گەلی كوردستان و بەرگری لە مافی هەموو ئەو پێكهاتانەی كە لە كوردستانن.
مۆریاسو ئەوەشی راگەیاند كە بارزانی شۆڕشی تەنها بۆ گەلی كورد نەكردووە، بەڵكوو خەباتی بۆ ئازادی و ئاشتی كردووە، ئەمەش وای كردووە كە بارزانی بە كەسایەتییەكی دیاری مێژوویی و نیشتیمانی لە ئاستی جیهاندا ببینرێت.
پاشان شاندەكە سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی ئەنفالی بارزانییەكانیان كرد و ئەو مۆزەخانەیەیان بەسەر كردەوە، كە پاشماوەی ئەنفالەكانی تێدا پارێزراوە و دڕندەیی ڕژێمی پێشووی عێراق پیشان دەدات، هەمووانیش هاوڕا بوون كە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتر پێشكەش بە گەلانی ژێردەستە بكات و هەرگیز ڕێگە نەدەن جارێكی دیكە كارەساتی وا روو بداتەوە.




