مەكتەبی سیاسیی پارتی سەری ساڵی بابلی- ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ پیرۆز دەكات

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی سەری ساڵی بابلی- ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆوە، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە.
ئەمە دەقەكەیەتی:
بە بۆنەی هاتنەوەی ساڵی تازەی بابلی-ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم گەلی كلدان سریان ئاشووری لە كوردستان و جیهان دەكەین، ئاواتەخوازین ئەو جەژنەتان بەوپەڕی بەختەوەری و ئارامی و ئاسوودەیی بەسەر ببەن.
هیوادارین ئەو جەژنە موژدەبەخشی كۆتاییهێنان بێت بە كێشە و گیروگرفتەكانی خوشك و برایانی كریستیان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینزاكانی دیكە لە ناوچەكەدا و جارێكی دیكە دانیشتووانەكەی دووچاری دەردەسەری و دەربەدەری نەبنەوە.
لەو بۆنەیەدا دووبارە جەخت دەكەینەوە سەر بنەما رەسەنەكانی كوولتوری دێرین و رەگداكوتاوی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و یەكترقبووڵكردن بە بێ جیاكاری لە رووی نەتەوە و ئایین و ئایینزا، كە نەریت و كۆڵەگەیەكی راست و دروستی گەلی كوردستانە و مایەی شانازییە بۆ ھەرێمی كوردستان و ھەموو لایەكیش، هەر بۆیە پشتیوانیی تەواو لەو فرەیی و هەمەڕەنگییەی نێوان پێكهاتەكان لە نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان دەكەین و هیوادارین بەردەوام پتەوتر و بەهێزتر بێت.
دووبارە جەژنی سەری ساڵی تازەی بابلی-ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ لە تەواوی گەلی كلدان سریان ئاشوور پیرۆز بێت، بە هیوای ساڵێكی تازەی پڕ لە خێر و خۆشی و ئاسوودەیی.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
1/4/2019




