٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی رۆشنبیری: بۆ بڵاوكردنەوەی كتێبە قەدەغەكراوەكان تیمەكانمان بەدواداچوون دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە رۆژی چوارشەممەی دابێ چواردەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب لە ھەولێر بەڕێوە بچێت، بەرپرسێكی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانیش دووپاتی كردەوە، لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە رێگری لە نمایشی ئەو كتێبانە دەكرێت كە بیری توندڕۆیی بڵاو دەكەنەوە.

محەمەد گەردی، بەڕێوەبەری گشتیی چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت: "وەزارەت لە رێگەی لیژنەیەكی تایبەتەوە پشكنین بۆ ھەموو ئەو بەرھەمانە دەكات، كە بڕیارە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێبدا نمایش بكرێن و ھەر بەرھەمێك بیری توندڕۆیی بڵاو بكاتەوە، رێگە بە نمایشكردن و فرۆشتنی نادرێت".

بە گوێرەی بەیاننامەیەكی پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر، لە پێشانگای ئەمساڵدا ٣٠٠ خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە لە ٢١ وڵاتی جیھان بەشداری دەكەن و یەك ملیۆن ناونیشان نمایش دەكەن، كە بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت.

گەردی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەگەڵ كردنەوەی چواردەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر، تیمەكانی وەزارەت بە نھێنی بەدواداچوون دەكەن تا ھیچ كەسێك پێشانگا وەك دەرفەت بەكار نەھێنێت بۆ بڵاوكردنەوەی كتێبە قەدەغەكراوەكان".

بەڕێوەبەری گشتیی چاپ و بڵاوكردنەوە دەشڵێت: "ساڵانە لە كاتی كردنەوەی پێشانگای كتێبدا ھەندێ خانەی چاپ ھەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی ئەو كتێبانەی توندڕۆیی بڵاو دەكەنەوە، نمایشیان بكەن، بەڵام ساڵ بۆ ساڵ رێژەكە كەمترە و پێشبینی دەكەین ئەمساڵ كەمتریش بێت لە ساڵی رابردوو".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار