٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاكرەیی: ئەمڕۆ ڤیزا دەبێتە بێبەرامبەر.. بەغدا پابەند نەبێت ئێران پاشگەز دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ڤیزای وڵاتی ئێران دەبێتە بێبەرامبەر بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان و عێراق، بەرپرسی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئێرانیش دەڵێ، رۆژانە ھەزار و ٢٠٠ ھاووڵاتی لە نێوان ھەرێم و ئێراندا ھاتوچۆ دەكەن.

عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئێران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەمڕۆ ڤیزای وڵاتی ئێران دەبێتە بێبەرامبەر بۆ ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی كوردستان، كە لە قۆناغی یەكەمدا بۆ ماوەی سێ مانگە وەك تێست، بەڵام تا ئێستا ھەڵوێستی حكوومەتی عێراق لەبارەی ئەو بڕیارەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیار نییە و بە فەرمی ھیچ ھەڵوێستێكی پیشان نەداوە".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئێران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ئێستادا رۆژانە ھەزار تا ھەزار و ٢٠٠ ھاووڵاتی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران گەشت ئەنجام دەدەن، بەڵام لە وەرزی ھاویندا و لە كاتی پشووی قوتابخانەدا، رێژەكە بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە".

ئاكرەیی روونیشی كردەوە: "یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی ڤیزا ببێتە بێبەرامبەر، ئەوەیە كە حكوومەتی فیدڕاڵیش ڤیزای وڵاتەكەی بۆ ھاووڵاتیانی ئێران بكاتە بێبەرامبەر، لە ئەگەری پابەندنەبوونی بەغدا، ئێرانیش پاشگەز دەبێتەوە لە بڕیارەكەی".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار