شاندێکی ئێزدییان گەیشتە ڕۆژئاوای کوردستان
__2019_03_31_h18m32s41__HK.jpg)
ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- ڕاوێژکارێکی ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان ڕایگەیاند، بۆ گەڕان بە دوای ڕفێنراوە ئێزدییەکاندا شاندێکی ئێزدییان گەیشتە ڕۆژئاوای کوردستان.
خدر دێرۆ خانەسۆری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "شاندیكی ئێزدییان کە پێک هاتوون لە پێشیمامی ئێسیان و بابە چاویش و کەسایەتییە ئێزدییەکان، بە نوێنەرایەتیی وەکیلی میری ئێزدییان چوونەتە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئێزدییانی ئەو پارچەیە. ئامانجی سەردانەکە بۆ گەڕان بە دوای ئەو کەسانەدایە کە تا ئیستا چارەنووسیان نادیارە."
ناوبراو گوتیشی: "ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار ئێزدی لەدەست داعشدا ماون و چارەنووسیان نادیارە، هەموو هەوڵیک دەدەین تا چارەنووسیان بزانین و کارێک بکەین منداڵانی ئێزدی لەو کەمپانەی ئێستا دەربێنین و ڕادەستی کەسوکاریان بکەینەوە."
لەو بارەیەوە، شەریف سلێمان، کەسایەتی ئێزدییان و یەکێک لە ئەندامانی ئەو شاندەی ئێستا لە ڕۆژئاوایە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "دەمانەوێت ڕەوشی ئەو ناوچانە بە تەواوی بزانین و هەواڵی ڕەوشی ئەو ناوچەیە بگەیەنینە هەرێمی کوردستان و عێراق، تا بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان هاوکارییان بکەن."
کــاروان بـــاعەدری




