سۆران.. ژمارەیەك پڕۆژەی نیشتەجێبوون تەواو دەكرێن

سۆران-KDP.info- لە سنووری شارۆچكەی سۆران دەست بە پڕۆژە راگیراوەكان دەكرێتەوە و قایمقامی سۆرانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە ھەوڵی تەواوكردنی پڕۆژەكانی وەبەرھێنانن و ئەمساڵیش پڕۆژەی شوققەكان تەواو دەبن و بەسەر كەسوكاری شەھیداندا دابەش دەكرێن.
كرمانج عزەت، قایمقامی شارۆچكەی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ژمارەیەك پڕۆژەی ئاوادانكردنەوە لە سنووری شارۆچكەی سۆران چاوەڕێی بڕیاری حكوومەتن بۆ دەسپێكردنەوەیان و پێشبینی دەكرێت لە ماوەكانی داھاتوودا دەست بە تەواوكردنیان بكرێت، چونكە رەوشی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەرەو گەشەكردن دەچێت و ژمارەیەك پڕۆژە دەستیان پێ كراوەتەوە".
قایمقامی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "چەند پڕۆژەیەكی وەبەرھێنان لە سۆران تەواو نەكراون و لە ئێستادا ئێمە لەگەڵ وەبەرھێنەران لە ھەوڵی چارەكردنی كێشەكانیانین بۆ ئەوەی تەواو بكرێن و رادەستی خاوەنەكانیان بكرێن".
لەبارەی پڕۆژەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونیش بۆ ھاووڵاتیانی كەمدەرامەت، كرمانج عزەت دەڵێت: "راستە ساڵانی پێشوو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونی ھەبوو، دەتوانم بڵێم ٩٠%ی كارەكانی تەواو بووە و بە دڵنیاییەوە ئەمساڵ ئەو خزمەتگوزاریانەی ماون بۆیان دابین دەكرێت، دوای تەواوبوونیان بڕیارە بەسەر خێزانی شەھیدانی سنوورەكەدا دابەش بكرێن، كە ژمارەیان نزیكەی ١٥٠ شوققەیە".
قائید میرۆ




