عەلی حەمەساڵح: ههندێك لایهن دەیانەوێـت ڕاستیەكه لە هاووڵاتیان بشارنەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ، حزبەكەی پشگیریی سەرجەم ئەو هەنگاوانە دەكات كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان دەنرێن. دەشڵێ، بەشدارینەكردنی هەندێك لایەن، بۆ ناكۆكیی سیاسی و وەرگرتنی پۆستی زیاتر لە حكوومەت دەگەڕێتەوە.
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و تێیدا دەست بە ئامادەكردنی راپۆرتی ھەمواری یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان دەكرێت و ھەوڵ دەدرێت لە ماوەی چەند رۆژێكی كەمدا راپۆرتەكە ئامادە بكرێت، بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ ھەمواری یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان كرد، رەوانەی لیژنەی یاسایی دەكرێت بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆیانی لەسەر ئامادە بكەن و ئێمەش ئەمڕۆ دەست بە ئامادەكردنی راپۆرتی خۆمان دەكەین و كۆبوونەوەیەك بۆ ئەو مەبەستە ساز دەكەین، ھەر كاتێكیش تەواومان كرد، ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكەین و ھەركاتێك دامانە ئەوان كۆبوونەوەی دیكەی پەرلەمان دەكرێت بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت و گفتوگۆی لەسەر بكرێت و لە خوێندنەوەی سێیەمدا دەنگدانی لەسەر دەكرێت و پەسەند دەكرێت".
خەدیجە عومەر گوتیشی، ھەوڵ دەدەن ھەر لەم ھەفتەیەدا راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن و ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بكەن بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆ ببێتەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت و دواتریش پەسەند بكرێت.
دەشڵێ، ھەمواری یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان ھەندێك دواكەوتووە و ھەوڵ دەدرێت پەلە بكرێت بۆ ئەوەی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان كارا بكرێتەوە، چونكە پرسەكە زۆر گرنگە و پێویستە چیتر دوا نەخرێت.
هەر سەبارەت بەو پرسە، عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كودستانی ڕاگەیاند؛ گۆڕان پشگیریی سەرجەم هەنگاوەكانی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكات، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش لە پەرلەمان بە دەستكەوت و كارێكی گرینگ وەسف دەكات.
عەلی حەمەساڵح گوتیشی: "بەشدارینەكردنی لایەنەكان، بۆ ململانێی حزبی و وەرگرتنی پـۆستی زیاتر لە حكوومەت دەگەڕێتەوە، لە ڕابردوودا هەر چوار لایەنەكە پڕۆژەی هاوبەشیان هەبوو و كۆك بوون لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردرێـت بە سەرجەم دەسەڵاتەكانییەوە، بەڵام ئێـستا دەیانەوێـت ئەم ڕاستییە لە هاووڵاتیان بشارنەوە، بێگومان ئەو پڕۆژەیەی كە ڕەهەندی نیشتیمانیی هەیە و فڕاكسیۆنی پارتی و فڕاكسیۆنی گۆڕان و لایەنەكانی تر داوای دەكەن، هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمە".
حەمەساڵح روونیشی كردەوە؛ بزووتنەوەی گۆڕان پشگیریی هەموو ئەو هەنگاوانە دەكات كە لە پەرلەمانەوە ئاڕاستە دەكرێن بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم.
دەشڵێ: "جەخت لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكەینەوە لە پەرلەمان و گۆڕانیش پشگیریی تەواوی ئەو رێككەوتنانە دەكات كە لەگەڵ پارتی هەیەتی و واژۆی كردوون".
بڵند ئیبراھیم - هـۆزان سەمەد




