٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردوومانی دەڤەری برادۆستیان كرد‎

سەرچاوە: KDP.info

سیدەكان-KDP.info- شەوی رابردوو كاتژمێر ١١:٣٠ تاوەكو ١٢:٤٥ خولەك، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە سنووری دەڤەری برادۆستی شارۆچكەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران، چەند شوێنێكیان بۆردوومان كرد.

جەلال عوزێر، موختاری گوندی خەلیفان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "شەوی رابردوو جارێكی تر فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ھەریەك لە كەوەرتێ و بێسنۆك و كەندەگەرییان بۆردوومان كرد به‌و هۆیه‌شه‌وه‌، ژیانی ئێمە لە گوند زۆر سەخت بووە بە ھۆی بەردەوامیی بۆردوومان و تۆپبارانەوە، چونكە بژێویی ژیانمان لەسەر كەرتی ئاژەڵدارییە، بەڵام ناتوانین كاری خۆمان ئەنجام بدەین و زیانمان پێگەیشتووە".

موختاری گوندەكە گوتیشی: "داواكارین لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چارەسەرێك بۆ دۆخی ژیانی گوندەكانی دەشتەھێرت بدۆزێتەوە و رزگارمان بكات لە دەست بۆردوومان."

سوپای توركیا بەردەوام بە بیانووی ھەبوونی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان بۆردوومان دەكات و بەو ھۆیەوە ساڵانە چەندین ھاووڵاتیی سڤیل دەبنە قوربانی.

 

سیروان سابیر

هەواڵی پەیوەندیدار