مێرگەسۆر.. بودجەی پێویست بۆ چارەكردنی كێشەی كارەبا دابین كراوە

مێرگەسۆر-KDP.info- قایمقامی مێرگەسۆر رایگەیاند، بودجەی پێویست بۆ چارەكردنی كێشەی كارەبا لە مێرگەسۆر دابین كراوە، بە ڕاكێشانی هێڵی 132ـش لە وێستگەی ڕێزانەوە بۆ وێستگەی كانیەلنج و جیاكردنەوەی هێڵی كارەبا لە نێوان وێستگەی بارزان و وێستگەی مێرگەسۆر، كێشەی بارگرانی چارە دەبێت و كاتژمێرەكانی كارەباش زیاد دەبن.
غەفوور ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "دوای بە دواداچوون و ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیك لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان سەبارەت بە كێشەی خراپی و كەمیی كارەبا لە سنووری مێرگەسۆر، خۆشبەختانە رەزامەندی درا لەسەر تەواوكردنی هێڵی ۳۳كەیڤیی شێروان مەزن _مێرگەسۆر_دۆرێ_بلێ بۆ چارەكردنی بارزۆریی كارەبا لە سنووری شارۆچكەكەمان".
ئەحمەد دەشڵێ: "ئەوەی زۆر پێویست بوو، كێشەی كارەبا بوو لە ناوچەكە كە چارە بكرێت، ئەویش خۆشبەختانە بودجەی پێویستی بۆ دابین كراوە، ئەگەر لەبەر كەشوهەوا نەبووایە، هەتا ئێستا دەست دەكرا بە ڕاكێشانی هێڵی 132 لە وێستگەی ڕێزانەوە بۆ وێستگەی كانیەلنج و جیاكردنەوەی هێڵی كارەبا لە نێوان وێستگەی بارزان و وێستگەی مێرگەسۆر، بێگومان مەبەستیش لێی چارەكردنی بارگرانییە".
قایمقامی شارۆچكەی مێرگەسۆر گوتیشی:" دەمەوێت سوپاسی بێپایانی دانیشتووانی شارۆچكەی مێرگەسۆر بكەم، سەرەڕای خراپی و كەمیی كارەبا، هاوكاریی تەواوی ئێمەیان كردووە لەم دۆخەدا، بە تەواوبوونی پڕۆژەكەش، گەیاندنی كارەبا زۆر باشتر دەبیت و هاووڵاتیان لە پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا سوودمەنتر دەبن، هەموو هەوڵێكیش دەدەین تا وەرزی گەرما كارەكانی پڕۆژەكە تەواو بكرێن، هەروەها سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گشت لایەنە پەیوەندارەكان دەكەین كە هاوكارییان كردین بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكە".
ڕابین شێروانی




