لیژنەی یاسایی پڕۆژەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی کۆ بووەوە و تێیدا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمیان پەسەند کرد و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کرد و بڕیارە ڕۆژی شەممە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
بژار خالید، سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی کۆ بووەوە و تێیدا تاوتوێی پڕۆژەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ و ئامادە کرا و دواتریش بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان پەسەند کرا و لە کۆی ١١ ئەندام حەوت ئەندام دەنگی پێ دا و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا."
بژار خالید گوتیشی: "بڕیارە ڕۆژی شەممە پەرلەمانی کوردستان کۆ بێتەوە و تێیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم بکات."
خالید باسی لەوەش کرد: "بەپێی پڕۆژەکە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان ھەڵدەبژێرن، تاوەکو دەستوور پەسەند دەکرێت."
بڵند ئیبراھیم




