گەشتوگوزاری هەرێم: لە نەورۆزی ئەمساڵ ٤% ژمارەی گەشتیاران زیادی كردووە

هەولێر-KDP.info- دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرای کرد كە لە ١٢ی ئادار تا ٢٢ی ئادار 243 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و بەراورد بە نەورۆزی ساڵی ڕابردوو لە هەمان كاتدا ٤% زیادی كردووە و ساڵی ڕابردوو 234 هەزار گەشتیار بووە.
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ڕایگەیاند: "بەپێی دوائاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزار كە پشت دەبەستێت بە زانیاری و ئاماری بازگە و خاڵە سنوورییەكان و فرۆكەخانەكان 243000 گەشتیار لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا واتە لە ١٢ی ئادار تا ٢٢ی ئادار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان."
لە ڕاگەیەندراوەكەی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستاندا ئاماژە بەوەش كراوە: "ئەو گەشتیارانەی لە نەورۆزی ئەمساڵدا ڕوویان لە هەرێمی كوردسان كردووە بە ڕێژەی ٧٣% لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق و ١٦% لە ئێران و ٦% لە توركیا و ٥% لە وڵاتانی دیكەوە بووە. بەراورد بە نەورۆزی ساڵی ڕابردوو لە هەمان كاتدا ٤% زیادی كردووە، واتە ساڵی ڕابردوو ٢٣٤ هەزار گەشتیار بووە."
جەژنی نەورۆز، جەژنێكی نەتەوەییی كوردە و لە 21ی ئادار تا 23ی ئادارە، ساڵانە لەم جەژنەدا لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ئاهەنگ و چالاكیی تایبەت بەڕێوە دەچێت، گەشتیارێكی زۆریش ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ بەشداریكردن لەو جەژنەدا."
سەرباز واحد




