٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كورد دەیەوێ دوای ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، هەڵبژاردن لە كەركووك بەڕێوە بچێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- زۆربەی لایەنە عێراقییەكان دەیانەوێ ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووكیش بەڕێوە بچێت، بەڵام كورد دژی ئەوەیە و دەیەوێ دوای ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە دەبات و یەك لە خاڵەكانی بەرنامەی كار، پرسی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە.

ئەو پڕۆژەیاسایە،‌ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵام ئەوەی بە لای كوردەوە گرنگە، پارێزگای كەركووك و پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكەیە.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لە هەڵوێستی كورد و لایەنە عێراقییەكان دەكات لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركووك.

ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "مەرجی ئێمە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك، ئەوەیە كە دۆخی ئەو شارە ئاسایی بكرێتەوە".

رۆژی 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوە چوو و سەرووی 93%ی بەشداربووان بە "بەڵێ" دەنگیان بە ریفراندۆمەكە دا.

ئەو ریفراندۆمە كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێ كەوتەوە و دواجار رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ، سوپای عێراق بە هاوكاریی ملیشیاكانی حەشدی شەعبی هێرشیان بۆ سەر كوردستان هێنا.

بە هۆی ئەو هێرشەوە، زۆربەی كوردانی دانیشتووی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون و تا ئێستاش نزیك بە 100 هەزار كەس بۆ شوێنی خۆیان، نەگەڕاونەتەوە.

سەبری دەڵێ، "تا ئێستا خەڵكی ئێمە بۆ ناوچەكانی خۆیان نەگەڕوانەتەوە. بێگومان ئەگەر بەو دۆخەوە هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، هیچ كاتێك ئەنجامەكەی راست نابێ".

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، پێشنیازی كردووە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەڕێوە بچێت.

ئێستا بۆچوونێكی دیكە لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە و داوا دەكرێ هەڵبژاردنەكە بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2020 دوا بخرێت.

 

كاوە جەم

 

هەواڵی پەیوەندیدار