قەچاغ: ئێزدییەكان ریزەكانی پەكەكە جێدێڵن.. سبەی خۆپیشاندان ساز دەكرێت

شنگال-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی لە شنگال گوتی، پەكەكە و سوپای عێراق ھێزێكی زۆریان لە شنگال كۆ كردووەتەوە و ئەو مۆڵەتەی درابووە پەكەكەش كۆتایی ھاتووە و نەكشاوەتەوە، هەروەها ئەو كوردانەی ئێزدییش كە ببوونە چەكداری پەكەكە، واز لە ریزەكانیان دێنن و سبەینێش بۆ دەركردنی پەكەكە لە ناحیەی سنوونێ خۆپیشاندانێك ساز دەكرێت.
قادر قەچاغ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی عێراق ٧٢ سەعات مۆڵەتی دابووە پەكەكە بۆ ئەوەی شنگال چۆڵ بكەن و ئێستاش ئەو مۆڵەتە تەواو بووە و پەكەكە لە شوێنی خۆی ماوە، هەروەها باس لەوە دەكرێت كە تا كۆتایی ئەم مانگە درێژ كرابێتەوە، بەڵام ھۆكاری نەكشانەوەی پەكەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حەشدی شەعبی پشتگیری لە پەكەكە دەكات".
قەچاغ گوتیشی: "ھێزێكی زۆری پەكەكە لە سووریاوە ھاتووە بۆ شنگال و سوپای عێراقیش ھێزێكی زۆری كۆ كردووەتەوە و شنگال بووەتە سەربازگە، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت و پەكەكە نەكشێتەوە، پێشبینی دەكرێت شەڕێكی گەورە لە نێوان ھەردوولا ڕوو بدات".
ئەو بەرپرسەی پارتی لە شنگال باسی لەوەش كرد، خەڵكی شنگال لە ترس و دڵەڕاوكێدایە و بڕیارە سبەی ھەینی لە ناحیەی سنوونێ بۆ دەركردنی پەكەكە لە شنگال خۆپیشاندانێكی فراوان ئەنجام بدرێت، چونكە خەڵك نایەوێت پەكەكە لە شنگال بمێنێت.
دەشڵێ، دوای رووداوەكانی ئەم دواییە، كە بەشێكی خەڵكی شنگال چووبوونە ناو پەكەكەوە، ئێستا واز لە ریزەكانی ئەوان دێنن، بۆیە خەڵكی شنگال پشتگیری لە پەكەكە ناكەن و دەیانەوێت لە شنگال نەمێنن.
بڵند ئیبراھیم




